ئۆکرانیا لە نێوان لەدەستدانی خاک و پاراستنی سەروەریدا
لە جنێڤ، گەورە بەرپرسانی ئەمەریکی و ئۆکرانی و ڕاوێژکارانی ئاسایشیی نەتەوەیی لە فەرەنسا و بەریتانیا و ئەڵمانیا، دەربارەی ڕەشنووسی پلانی واشنتن بۆ کۆتاییهێنانی جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا، کۆ دەبنەوە.
یەکشەممە، 23ـی تشرینی دووەم 2025، ماڵپەڕی هەواڵی "عەرەبییە" بڵاوی کردەوە "بڕیارە ئەمڕۆ ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری تایبەتیی ئەمەریکا و مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوە بۆ بەشداریی لەو کۆبوونەوەدا بگەنە جنێڤ."
ڕۆبیۆ، دوێنێ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'ئێکس' بڵاوی کردەوە "پێشنیازی ئاشتیی لە ئۆکرانیا، بریتییە لە 28 خاڵ، وەک چوارچێوەیەکی بەهێز بۆ دانوستانەکانی ئێستا بەکار دەهێنرێت."
مایک ڕاوندز، سیناتۆری کۆمارییەکان، شەممەی ڕابردوو لە کۆنفرانسێکدا بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: ڕوبیۆ پەیوەندی بە من و ئەندامانی دیکەی ئەنجومەنی پیرانەوە کرد و گوتی "ئەمە پێشنیارێکە ویلایەتە یەکگرتووەکان وەریگرتووە و گەیاندوویەتی بە ئۆکرانیا."
دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ڕۆژی هەینی ڕایگەیاندبوو ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی تا ڕۆژی پێنجشەممە، 27ـی تشرینی دووەم، کاتی هەیە بۆ ڕەزامەندیی لەسەر پلانە 28 خاڵییەکە، کە داوا لە ئۆکرانیا دەکات دەستبەرداری بەشێک لە خاکەکەی بێت و توانا و ژمارەی سوپاکەی کەم بکاتەوە و واز لە هەوڵی بوونە ئەندامی هاوپەیمانیی ناتۆ بهێنێت.
بە گوێرەی سەرچاوە دیپلۆماسییەکان، ئیتاڵیاش بەرپرسێک دەنێرێت بۆ بەشداریی لە وتووێژەکاندا.
ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، سەرکردەکانی وڵاتانی ڕۆژاوا ڕایانگەیاند "پلانی ئاشتی ئەمەریکا، کە پشتگیری لە داواکارییە سەرەکییەکانی ڕووسیا دەکات، بنەمای وتووێژەکانە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، بەڵام پێویستی بە کاری زیاتر هەیە، چونکە هەوڵ دەدەن ڕێککەوتنێکی باشتر بۆ کیێڤ بەدەست بهێنن پێش وادەی کۆتایی ڕۆژی پێنجشەممە."
سەرچاوەیەک لە حکوومەتی ئەڵمانیا ڕایگەیاند "پرۆژەی پلانی ئاشتیی ئەورووپا، کە لەسەر بنەمای پێشنیازی ئەمەریکا داڕێژراوە، نێردراوە بۆ ئۆکرانیا و ئیدارەی ئەمەریکا."
پێش وتووێژەکان، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، هۆشداری دا لەوەی ئۆکرانیا مەترسی لەدەستدانی کەرامەت و ئازادی، یان پشتگیری واشنتنی لەسەرە بەهۆی پلانەکەوە.
ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، پلانەکەی بە بنەمایەک بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکە وەسف کرد، بەڵام مۆسکۆ لەوانەیە ناڕەزایەتی دەرببڕێت بەرامبەر بە هەندێک لە خاڵەکانی ناو پلانەکە، کە داوای کشانەوەی هێزەکانی ڕووسیا دەکات لە هەندێک لەو ناوچانەی کۆنترۆڵی کردوون.
