کڵچدارئۆغڵو لەبارەی پڕۆسەی ئاشتی ڕەخنەی توند لە جەهەپە دەگرێت

کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)
کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)

کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، بە توندی ڕەخنەی لە سەرکردایەتی ئێستای حزبەکەی گرت و ڕایگەیاند، پێویست بوو جەهەپە بەشداری لە "پرۆسەی ئاشتی" و لیژنەی تایبەتی ئیمرالی بکردایە.

کڵچدارئۆغڵو گوتی "پێویست بوو جەهەپە بەشداری بکردایە، چونکە ئەو پرۆسەیەی کە ئێستا بەڕێوە دەچێت، پرۆسەی برایەتی و یەکڕیزییە، و نابێت جەهەپە لە پرۆسەیەکی نیشتمانیی لەو جۆرە پاشکۆ بێت یان خۆی لێی بەدوور بگرێت."

کڵچدارئۆغڵو جەختیشی کردەوە، "خەڵکی تورکیا چەندین هیوا و ئاواتیان لەسەر جەهەپە هەڵچنیوە و بە هیچ شێوەیەک گونجاو نییە حزبەکە پێچەوانەی ئەو چاوەڕوانی و هیوا جەماوەرییانە ڕەفتار بکات."

هاوکات تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی ڕەخنەی لەو هەڵوێستەی جەهەپە گرت و گوتی، "لەلایەن ئێمەوە بە نیگەرانییەوە پێشوازیی لێکراوە."

هاتیمئۆغوڵڵاری داوای لە دژبەرانی پرۆسەی ئاشتی لە باکووری کوردستان و تورکیا کرد "هەرچییەک دەبێت با ببێت، ناچارین ئەم دەرفەتە مێژووییە، بە ئاشتییەکی سەربەرزانە و چارەسەرێکی دیموکراسییانە تاجدار بکەین. هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە خۆی لەمە بدزێتەوە. ئێمە جارێکی دیکە هیوادارین ئەم بڕیارە ببێتە هۆی ئاشتییەکی هەمیشەیی."

جەهەپە، 11 ئەندامی لەنێو کۆمیسیۆنەکەی ئاشتیی پەرلەمانی تورکیادا هەیە، بەڵام ئامادە نەبوو هیچ کام لە ئەندامەکانی ببنە ئەندامی ئەو شاندەی بڕیارە سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بکات.

 ڕۆژی هەینی، 21ـی تشرینی دووەمی 2025، کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمانی تورکیا بڕیاری دا سەردانی دوورگەی ئیمراڵی بکات و ئەم هەفتەیە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆببێتەوە. 

دەم پارتی پێشوازی لە بڕیارەکە کرد و بە "هەنگاوێکی مێژوویی" ناوی برد. لە ڕاگەیەنراوەکەی دەم پارتیدا هاتووە، "سەردانی ئیمراڵی دەبێتە هەنگاوێکی مێژوویی بۆ کۆتاییهێنان بەو ئازارانەی دەیان ساڵە بەردەوامن و هەروەها بۆ دامەزراندنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی. کردنەوەی کەناڵی گفتوگۆ و پەیوەندیی شەفاف لە ئیمراڵی، دەروازەیەکی دەرفەتی بێوێنە بۆ چارەسەری پرسی کورد و بەدیموکراسیکردنی تورکیا دەڕەخسێنێت."

 
 
Fly Erbil Advertisment