مەزڵووم عەبدی: یارمەتیی باشووری کوردستان بۆ ڕۆژئاوا گرنگە
فەرماندەی گشتیی هەسەدە جەخت لە گرنگیی یارمەتیی باشووری کوردستان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دەکاتەوە و دەڵێت، بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی مێپس لە دهۆک، "گرنگ" و "دەستپێکی پڕۆسەیەکی نوێ"ـیە.
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە نوێترین چاوپێکەوتنی ڕۆژنامەوانیدا، باسی لە بەشداریکردنی لە شەشەمین کۆڕبەندی مێپس لە شاری دهۆک، پەیوەندییەکانی ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان، پڕۆسەی نوێی ئاشتی لە باکووری کوردستان و تورکیا، تێکەڵبوونی هێزەکانی هەسەدە لە نێو سوپای سووریادا و چەندان پرسی دیکەی کرد.
بەشداریکردن لە شەشەمین کۆڕبەندی مێپس لە دهۆک
ڕۆژی چوارشەممە، 19ـی تشرینی دووەمی 2025، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بەشداری لە سێیەمین ڕۆژی شەشەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس25) لە شاری دهۆک کرد و گوتارێکی پێشکەش کرد.
مەزڵووم عەبدی سەردانەکەی بۆ شاری دهۆک بە "گرنگ" و "دەستپێکی پڕۆسەیەکی نوێ" ناو برد و ئاماژەی بەوە دا، بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بە "گەرمی" پێشوازییان لێ کردووە.
وەک ئەوەی فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاماژەی پێ دا، "لەم کاتەدا ئامادەبوون لە کۆڕبەندی بەو شێوەیە لە دهۆک، بێگومان بۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا گرنگ بوو. پێمان وایە ئەمە لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ باشوور دەبێتە دەستپێکێکی نوێ و پێشکەوتن دروست دەبێت.. پەیوەندییەکانمان لەگەڵ برایانمان لە باشووری کوردستان بە شێوەیەکی سروشتی دەبینین."
کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان
لە هەمان ئەو ڕۆژەی بەشداری کۆڕبەندی مێپسی کرد، مەزڵووم عەبدی بە جیا لەگەڵ سەرۆک بارزانی؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، فەرماندەی گشتیی هەسەدە، گوتی "ئەمە یەکەم جار نەبوو چاومان بە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بکەوێت. درێژەی سەردانەکانی پێشوو بوو. چەندین بابەتی نوێ و چالاک هەبوون کە گفتوگۆمان لەسەریان کرد. بابەتگەلێکی هاوبەش هەبوون کە گرنگییان بۆ هەردوو لایەن هەبوو. بە گشتییش یەکێتیی نەتەوەیی لە ڕۆژەڤی ئێمەدایە. لەسەر ئەم بابەتانە دانوستانمان کرد."
وەک ئەوەی عەبدی ئاماژەی پێ دا، لەو بابەتانەی لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان لەسەر کردوون، پڕۆسەی نوێی ئاشتی لە باکووری کوردستان و تورکیا و پەیوەندییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و دیمەشق بووە.
گوتیشی، لەبارەی هەموو ئەو بابەتانە، بۆچوونی یەکتریان وەرگرتووە و جەختی کردەوە "یارمەتیی باشووری کوردستان بۆ ڕۆژئاوا گرنگە، لەسەر ئەمە قسەمان کرد. بە گشتی بابەتەکانی دیالۆگ و ئاشتی، ئەو شتانەی کە گرنگییان بۆ ڕۆژئاوا هەیە و گرنگییان بۆ باکووری سووریا هەیە، گرنگییان بۆ کورد بە گشتی هەیە، لەسەر هەموویان قسەمان کرد. ئەنجامە گشتییەکان ئەرێنی بوون."
پەیوەندییە ئابوورییەکانی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان
لەبارەی پەیوەندییە ئابوورییەکانی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان، مەزڵووم عەبدی گوتی "بۆ ئەوەی پەیوەندی و هاتوچۆ زیاتر بەهێز ببن، بە گشتیش زیاتر لە دەروازەی سێمێلکا، لە پڕۆسەی دووبارە بنیادنانەوەی سووریا و بابەتە ئابوورییەکاندا پێویستە ڕۆڵێکی گرنگی باشووری کوردستان هەبێت. ئێمە دراوسێی یەکترین، برای یەکترین. نەک تەنیا بۆ باشووری کوردستان، بەڵکوو بۆ کوردانی باکوور و کوردانی دیاسپۆراش، بۆ ئەوەی بێن و ئەوانیش لە کارەکانی دووبارە بنیادنانەوە بە تایبەت لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕۆڵێکی بەهێزتر بگێڕن، ئێمە لەسەر ئەم بابەتانە وەستاین."
