شارەوانیی قوشتەپە: زەوییە کارتەکان تاپۆ دەکرێن
سەرۆکایەتیی شارەوانی قەزای قوشتەپە، ئاگاداریی گشت خاوەن کارتەکانی زەویی هەردوو گەڕەکی بەختیاری و ئاشتی دەکاتەوە، کە لە سنووری شارەوانیی قوشتەپە زەویان وەرگرتووە، بە مەبەستی تاپۆکردنی زەوییەکانیان، سەردانی شارەوانییەکە بکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ی تشرینی دووەمی 2025، هۆگر ڕەسوول، ئەندازیاری ڕووپێوی لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی قوشتەپە، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24، گوتی، بە گوێرەی فەرمانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، بە ژمارە ( 2927 )، لە بەرواری 29/3/2017، بڕیاردراوە بە تاپۆکردنی ئەو پارچە زەوییانەی کە تاوەکو ئێستا وێنەی تۆماریان بۆ دەرچووە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، پرۆسەکە 573 پارچە زەوی لە شارەوانیی قوشتەپە دەگرێتەوە، 121 پارچە زەوی کە پێشتر بە سەر کەمئەندامانی سەنگەر دابەشکراون، هەروەها 452 پارچە زەوی دیکەی هاووڵاتییانی هەردوو گەڕەکی بەختیاری و ئاشتی دەگرێتەوە.
وەک ئەوەی هۆگر ڕەسوول باسی کرد، ئەو هاووڵاتییانەی زەوییان لەو ناوچانەدا هەیە، دەتوانن سەردانی شارەوانیی قوشتەپە بکەن بۆ تەواوکردنی مامەڵەکانیان. گوتیشی "دەبێت هاووڵاتییان لە کاتی سەردانیکردنی شارەوانیمان چەند پێداویستییەک لە گەڵ خۆیان بهێنن، لەوانە، کارتی زەوی ڕەسەن، کارتی نیستمانی ڕەسەن، ئەو خاوەن زەوییانەی کە بریکار دەگرن، دەبێت بریکارنامەی نوێکراوەی پێ بێت و لە لایەن فەرمانگەی پەیوەندارەوە پەسەند کرابێت."
لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا، بەمەبەستی تاپۆكردنی زەوییە كارتەكان، یەكەی گۆڕینی كارتی زەوی بۆ سەنەد، لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە دامەزرێندرا و تا ئێستا نزیكەی 80 هەزار كارتی زەوی لە سنووری هەولێر و دەوروبەری تاپۆ كراون.
