نەبەز ئیسماعیل: حکوومەتی هەرێم دوو ملیار و 805 ملیۆن دیناری وەک پاڵپشتی بۆ پرۆسەی حەج دابینکردووە

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، ئاماژە بەوە دەکات، بۆ ساڵی داهاتوو شوێنی مانەوەی حاجیان لە مەککە تەنیا 900 مەتر لە مزگەوتی حەرەم دوورە، لە کاتێکدا حاجیانی عێراق پێنج کیلۆمەتر دوورن.

نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، ئەمڕۆ یەکشەممە، 23 تشرینی دووەم، 2025، لە کاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 4:00ـی ئێوارە، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەمساڵ پێنج هەزار و 120 حاجی ساڵی داهاتوو لە هەرێمی کوردستانەوە سەردانی سعوودیە دەکەن بە مەبەستی بەجێهێنانی فەریزەی حەج.

نەبەز ئیسماعیل گوتی: سەرجەم حاجیان بەسەر پێنج گرووپ دا دابەشکراون و سەرقاڵی مامەڵەکردنن، هەروەها تێچووی حەج بۆ ساڵی داهاتوو حەوت ملیۆن و 100 هەزار دینار دیاریکراوە، لەو بڕە پارەیە چوار ملیۆن و 163 هەزار و 800 دیناری ڕاستەوخۆ بۆ دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراقی دەڕوات.

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ئاماژەی بەوە دا، خزمەتگوزارییەکان لە ئاستێکی زۆرباشدان و شوێنی مانەوەی حاجیان لە مەککە تەنیا 900 مەتر لە مزگەوتی حەرەم دوورە، لە کاتێکدا حاجیانی عێراق پێنج کیلۆمەتر دوورن، هەروەها سێ ژەمە خواردنی کوردیان لەلایەن شێفی هەرێمی کوردستانەوە بۆیان ئامادە دەکرێت، هاوکات حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوو ملیار و 805 ملیۆن دیناری وەک پاڵپشتی بۆ پرۆسەی حەج دابینکردووە.

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەگەر پاڵپشتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەبووایە، هەر حاجیەک زیاتر لە حەوت ملیۆن و 300 هەزار دیناری لەسەر دەبوو، هەروەها ئەو فیدیەی حاجیان لە کاتی بەجێهێنانی فەریزەی حەج پێشکەشی دەکەن، ئەمساڵ وەزارەتی ئەوقاف لەسەر ئەرکی خۆی بۆ هەموو حاجیان پێشکەشی دەکات، کە بۆ هەر حاجیەک نزیکەی 200 دۆلار دەکات.

نەبەز ئیسماعیل باس لەوە دەکات، نرخی تکتی فڕۆکەی حاجیانی عێراقی بۆ شاری مەدینە 540 دۆلارە، لە کاتێکدا بۆ حاجیانی هەرێمی کوردستان 620 دۆلارە و جیاوازەکەی 80 دۆلارە و ئەوانەی ناویان گەڕاوەتەوە تاوەکوو 27ـی ئەم مانگە دەرفەتە بچن مامەڵەکانیان ڕایی بکەن.

 
Fly Erbil Advertisment