شەمخانی بۆ وەزیری بەرگری عێراق: دەرچوونی ھێزەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە گرنگترین بنەمای سەقامگیرییە
وەزیر بەرگری عێراق: ھیچ دەوڵەتێك ناتوانێت كار لە پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و عێراق بكات
K24 – ھەولێر:
ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانی، عەلی شەمخانی، ئەمڕۆ یەكشەممە رایگەیاند، یەكێك لە بنەما سەرەكییەكانی چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەكەدا، دەرچوونی سەربازە ئەمەریكاییەكانە بە تەواوی لەو ناوچەیە.
ئەم گوتانەی شەمخانی ئەمڕۆ لە كاتی پێشوازیكردنی لە وەزیری بەرگری عێراقی، جومعە عناد ھات و باس لە "ھاریكاری بەرگری و ئەمنیی باش و كاریگەر لە نێوان ھەردوو وڵات كرا بۆ لەناوبردنی تیرۆری رێكخراو لە لایەن "ئەمەریكا و كلكەكانی" لە ناوچەكەدا و ھاوكارییە بێ سنوورەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ رزگاركردنی شارەكانی عێراق لە داگیركاری داعش".
شەمخانی گوتیشی: "شێوەكانی ئەم ھاریكارییە ئاسایش و سەقامگیری دەگرێتە خۆی، و دەبێت بە دامەزراوە بكرێت و بەرزبكرێتەوە بۆ ئاستی ستراتیجی".
شەمخانی ئاماژەیكرد، "یەكێك لە ئامانجە راگەیاندراوەكانی ئەمەریكاوە لە بوونی خۆی لە ناوچەی رۆژئاوای ئاسیا، ناكۆكی و ململانێ نانەوەیە لە نێوان وڵاتانی ناوچەكە، بۆیە پێویستە ھەموو وڵاتانی ئیسلامی بە ئاگابن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو پیلانە چەپەڵە".
لە لای خۆیەوە وەزیر بەرگری عێراق، جومعة عناد ئاماژەی كرد، بە "پشتیوانی و ھاریكارییەكانی ئێران لە دوورخستنەوەی شەڕی تیرۆر لە عێراق". ھەروەھا جەختی لەسەر پێویستی بەھێزكردن و پێشخستنی پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و عێراق كردەوە، بە تایبەتی لە بوارەكانی سەربازی و ئەمنیدا".
عناد گوتیشی: "ھیچ دەوڵەتێك ناتوانێت كار لە پەیوەندییەكانی نێوان ھەردوو وڵات بكات و ئەزموونیان لە بواری لەناوبردنی داعش ئهوهی سهلماند، كە دەكرێت بەسەر قەیرانەكاندا زاڵبین لە سایەی ھاوكاری و ھاریكاری ھاوبەش و دابینبكردنی دەرفەتی گونجاو بۆ ھاریكاری لە تەواوی بوارەكاندا لە پێناو گەشەسەندن و سەقامگیری گەلانی ھەردوو وڵات".