لە کوردستان وەبەرهێنانی کشتوکاڵ ساڵ دوای ساڵ زیاتر دەبێت

وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان ساڵ لەدوای ساڵ زیاتر دەبێت و حکوومەت بە پڕۆژە و بڕیارەکانی پشتیوانی لەو کەرتە دەکات. هەروەها ئاسانکاری بۆ کەرتی تایبەت کردووە بۆ ئەوەی گرنگی بە پیشەسازی کشتوکاڵی بدەن.

کارگەیەکی وشککردنەوەی گەنمەشامی هەیە کە کاری وەرزییە و تەنیا بە وەرزی گەنمەشامییەوە بەندە. ئەم کارگەیە هەموو بەرهەمی ناوچەکە وەردەگرێت و پارە بە جووتیاران دەدات.

ئامانج نیازی، خاوەنی کارگەکە، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "ئەم بەرهەمە لە هەموو کوردستان کۆدەکرێتەوە، بەتایبەت لە دەشتی هەولێر و زرارەت. ساڵانە لە 18 هەزار بۆ 23 هەزار تەن گەنمەشامی لە برا جووتیارەکان وەردەگرین. گەنمەشامی لای ئێمە تەنیا بۆ ئالیک بەکار دەهێنرێت، بەڵام لە وڵاتانی دیکە بۆ دەرمان و شتی دیکەش بەکار دەهێنرێت."

حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەرگای بە تەواوی بۆ کەرتی تایبەت کردووەتەوە، تاوەکو بەرهەمەکانی جووتیاران بکەنە پیشەسازی. ئەم پشتیوانیکردنە لە جووتیاران بە پلانە ستراتیژییەکانی حکوومەت دەکرێت کە لە قۆناغی جێبەجێکردندان، ئەمەش وادەکات لە ساڵانی داهاتوودا ئاسایشی خۆراک لە کوردستان پارێزراوتر بێت.

لە ساڵانی ڕابردوودا ڕێژەی وەبەرهێنان لە کەرتی پیشەسازی ڕووی لە زیادبوون کردووە و بە گوتەی وەزارەتی کشتوکاڵ ئێستا گەیشتووەتە 10%.

هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ، دەڵێت: "بەگوێرەی دوایین ڕاپۆرتەکانی دەستەی ئامار و وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان، ڕێژەی وەبەرهێنان لە کابینەکانی دیکەدا 1.8% بووە. ئێستا بە هەموو ڕێکار و هەنگاوەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، ئێمە نزیکەی 10%ـی ئاستی بەرهەمهێنان و سەرمایەگوزاریمان هەیە. ئێمە لەم کابینەیەدا توانیومانە نیگەرانییەکانی جووتیاران ڕابگرین، لە ڕێگەی دامەزراندنی چەندین کارگەی پیشەسازیی پێشکەوتوو وەک پەتاتە و چپس و فینگەر، هەروەها بۆ کاراکردنی کارگەکانی بەرهەمهێنانی دۆشاوی تەماتە و زەیتی زەیتوون و بەرهەمهێنانی قارچک. هەروەها کار کراوە بۆ بەرهەمهێنانی شیرەمەنی."

حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی دروستکردنی 30 هەزار خانوی پلاستیکی و 319کۆگای ساردخانە، پشتگیری و پشتیوانی لە جووتیاران دەکات، جگە لە دروستکردنی سایلۆ و دەیان پڕۆژەی دیکە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment