عەبدوڵڵا شێرکاوەیی: حکوومەتی هەرێم کێشەی قوتابییانی خوێندنی ئیسلامی چارەسەر دەکات

گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان ئاشکرای دەکات، بە فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیران و هەوڵی وەزارەتی خوێندنی باڵا و یەکێتیی زانایان گرفتی قوتابییانی خوێندنی ئیسلامی چارەسەر دەکرێت.

عەبدوڵڵا شێرکاوەیی گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە، 24ـی تشرینی دووەمی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: دوای ئەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵای حکوومەتی هەرێی کوردستان ڕایگەیاند، قوتابییانی خوێندنی ئیسلامی لە هیچ زانکۆ و پەیمانگایەک وەرناگیرێن بەهۆی ئەوەی گواستراونەتەوە سەر وەزارەتی ئەوقاف، کێشەی زۆری بۆ قوتابییان دروستکرد.

گوتەبێژی یەکێتیی زانایان گوتیشی: بە فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیران سەرجەم قوتابییانی دەرچووی پۆلی 12ـی ئامادەیی دەبێت لە کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان وەربگیرێن کە چەندین ساڵە بەمشێوەیە بووە، بەڵام ئەمساڵ بە بڕیاری وەزارەتی خوێندنی باڵا تاوەکوو ئێستا ناویان لە هیچ زانکۆ و پەیمانگایەک نەگەڕاوەتەوە.

عەبدوڵڵا شێرکاوەیی ئاماژەی بەوە دا،  بە فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیران و بە هەوڵی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان، لە ڕۆژانی داهاتوو گرفتی قوتابییانی خوێندنی ئیسلامی چارەسەر دەبێت، بۆ ئەمساڵ 300 دەرچووی پۆلی 12لە 20 قوتابخانەی ئامادەیی ئیسلامی لە زانکۆ و پەیمانگاکان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێن.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment