دانیشتوانی گوندی عەلەغێر لە کەرکووک ڕووبەڕووی تەعریب دەبنەوە
دانیشتوانی گوندی "عەلەغێر" لە سنووری کەرکووک، کە گوندێکی دوورەدەستە و دانیشتوانەکەی هەمووی کوردن، ڕووبەڕووی هەڵمەتێکی چڕی تەعریب و داگیرکاری بوونەتەوە. عەرەبە هاوردەکان بە پاڵپشتی هێزە ئەمنییە عێراقییەکان، دەستیان بە کێڵانی زەوییە کشتوکاڵییەکان و ڕووخاندنی خانووی کوردەکان کردووە.
لە دوای ڕووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر، بەهۆی مەترسییەکانی داعش و پرۆسەی تەعریبەوە، ژمارەی ماڵەکانی ئەو گوندە لە 70 ماڵەوە بۆ تەنیا سێ ماڵ کەم بووەتەوە. ئەو خێزانانەشی کە ماونەتەوە، بە گوتەی خۆیان "بەرگری لە خاک و زێدی خۆیان دەکەن".
هاوکات فەوجێکی سوپای عێراق لەنێو قوتابخانەی گوندەکە جێگیر کراون و دەوروبەری گوندەکەش بە شەش بازگەی سوپا و حەشدی شەعبی گەمارۆ دراوە. دانیشتوانی گوندەکە ئاماژە بەوە دەکەن کە عەرەبە هاوردەکان بە بەرچاوی ئەو هێزانەوە بە تراکتۆر زەوییەکانیان دەكێڵن و دیواری خانووە چۆڵکراوەکان دەڕوخێنن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2025، یەکێک لە هاووڵاتیانی گوندەکە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "ئەم عەرەبە هاوردانە گرێبەستی کشتوکاڵییان پێیە کە هەندێکیان ئەمساڵ نوێ کراونەتەوە، لەکاتێکدا وەزیری داد بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرێبەستانەی داوە."
ئەو هاووڵاتیە ئاماژەی بەوەش کرد، فەرمانگەی کشتوکاڵ بەبێ ئاگاداریی گرێبەستەکان بۆ عەرەبە هاوردەکان نوێ دەکاتەوە و ئەوانیش وەک پاساوێک بۆ داگیرکردنی زەوییەکان و ڕووخاندنی گوندەکە بەکاری دەهێنن.
هاووڵاتیەکی دیکە گوتی، پێشتر شانبەشانی پێشمەرگە پاسەوانی کردووە بۆ پاراستنی گوندەکە، باسی لەو فشارانە کرد کە دەخرێتە سەریان بۆ ئەوەی گوندەکە چۆڵ بکەن.
ئەو ئافرەتە جەختی کردەوە: "ئەم خاکە شوێنی لەدایکبوونی منە و بە فرمێسک و ئاو و نەهامەتی ئاوەدانم کردووەتەوە، عەرەبەکان پێم دەڵێن تۆ پیرەژنی لێرە بڕۆ، بەڵام من پێم گوتوون کە مەحاڵە جێی بهێڵم، مەگەر مردن لەم خاکە دوورم خاتەوە."
ئەو خانمە ئاماژەی بەوە دا کە عەرەبەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن زەوییەکان موڵکی ئەوانە، لەکاتێکدا کورد لە ساڵی 1963ەوە لەو ناوچەیە ڕووبەڕووی دەرکردن و ستەم بووەتەوە.
دانیشتوانی عەلەغێر داوا لە حکوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن بەپەلە بێنە سەر هێڵ، چونکە بە گوتەی ئەوان، عەرەبە هاوردەکان دەیانەوێت بە تەواوی دەست بەسەر زەوی و ماڵ و موڵکیاندا بگرن و شوێنەواری کورد لە ناوچەکەدا نەهێڵن.
