دەم پارتی پەیامی ئۆجەلان بۆ سووریا ئاشکرا دەکات و داوای دەستپێکردنی چاکسازیی یاسایی دەکات

لە میانەی هەڵسەنگاندنی دۆخی سیاسیی تورکیا و سەردانی شاندی پەرلەمان بۆ ئیمراڵی، هاسەرۆکی دەم پارتی دیدارەکە بە کلیلی چارەسەری ئاشتی و دیموکراسی دادەنێت و ڕایدەگەیەنێت:  ئۆجەلان پەیامێکی ڕوونی بۆ پتەوکردنی هاوپەیمانیی کورد و تورک و چارەسەری دۆخی سووریا پێشکەش کردووە، داواش لە حکوومەت دەکات بەپەلە هەنگاوی یاسایی بنێت.

توڵای هاتیمۆغڵولاری، هاسەرۆکی دەم پارتی ڕایگەیاند: تورکیا ئێستا بە قۆناغێکی هەستیار و چارەنووسسازدا تێدەپەڕێت و سەردانی شاندی کۆمیسیۆنی پەرلەمان بۆ لای عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ئیمراڵی و ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەگەڵیدا، مایەی ئومێدێکی گەورەیە بۆ بەرقەراربوونی ئاشتی و چەسپاندنی دیموکراسی لە وڵاتدا.

بە بڕوای هاسەرۆکی دەم پارتی، ئەو دیدارە هەنگاوێکی مێژووییە بۆ کردنەوەی دەرگای برایەتی و تێیدا ئۆجەلان جەختی لەسەر پابەندبوونی خۆی بە بەهێزکردنی هاوپەیمانیی ستراتیژیی نێوان کورد و تورک کردووەتەوە، هاوکات لە گفتوگۆکاندا بە وردی تاوتوێی دۆخی سووریا کراوە و ئۆجەلان ڕوانگەیەکی نوێی خستووەتە ڕوو کە، دەکرێت ببێتە کلیلی سەرەکیی پڕۆسەی ئاشتی بەتایبەتی لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا.

هاتیمۆغڵولاری داوای لە هەموو لایەک کرد، بە جددی خاوەنداری لەم پڕۆسەیە بکەن و هۆشداریدا کە، قۆناغەکە تەنها بە قسە تێناپەڕێت، بەڵکو پێویستی بە هەنگاوی چاکسازیی یاسایی بەپەلە هەیە و ئەرکی دەسەڵاتە لە نزیکترین کاتدا کار بکات بۆ بەرەوپێشبردنی پڕۆسەکە لە ڕێگەی گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی و دامەزراوەییەوە بۆ ئەوەی دەرفەتەکە لەدەست نەچێت.

 
Fly Erbil Advertisment