ترەمپ: نزیکین لە ڕێککەوتنی نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیا
"گۆڕانکاری ڕیشەیی لە پلانی کۆتاییهێنانی جەنگی ئۆکرانیا کراوە"
سەرۆکی ئەمەریکا بە ئەرێنی باس لە ڕێککەوتنی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا دەکات، هاوکات بەرپرسێکی ئاگادار لە کۆبوونەوەکان ئاشکرای کرد، گۆڕانکاری ڕیشەیی لە پلانە پێشنیازکراوەکە بۆ کۆتاییهێنانی جەنگ کراوە، هەروەها ڕووسیا و ئەمەریکا پلانەکە لە ئەبووزەبی تاوتوێ دەکەن.
سێشەممە 25ـی تشرینی دووەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە گوتارەکەیدا لە جەژنی سوپاسگوزاری گوتی: پێم وایە لە ڕێککەوتنی نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیا زۆر نزیکین، کە نزیکەی چوار ساڵە بەردەوامە.
لە لایەکی دیکەوە، ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ( تروس) نووسیویەتی: لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا، تیمەکەم سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا بەرەوپێشچوونی یەکجار گەورەی بەدەستهێناوە.
دەشڵێت: مانگی ڕابردوو 25,000 سەرباز گیانیان لەدەست داوە. پلانە ئاشتییە 28 خاڵییەکە، کە لەلایەن ئەمەریکاوە داڕێژرابوو، وردبینی تێدا کراوە و باشتر کراوە بە وەرگرتنی سەرنجی زیاتر لە هەر دوو لاوە، و ئێستا تەنیا چەند خاڵێکی کەمی ناکۆکی ماونەتەوە.
سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەشی داوە، بە هیوای یەکلاکردنەوە و بە کۆتا گەیاندنی ئەم پلانەی ئاشتییە، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتم ڕاسپاردووە لە مۆسکۆ لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە و لە هەمان کاتدا، "دان دریسکۆڵ"، سکرتێری سوپا لەگەڵ ئۆکرانییەکان کۆدەبێتەوە و ئێمەش لە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکان ئاگادار دەکرێینەوە.
هەروەها نووسیویەتی: بە پەرۆشەوەم و هیوادارم بەم زووانە لەگەڵ ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا و پوتن کۆببمەوە، بەڵام تەنیا ئەو کاتە کە ڕێککەوتنی کۆتاییهێنان بەم جەنگە یەکلا بووبێتەوە یان لە قۆناغەکانی کۆتاییدا بێت
زێلێنسکی: ئامادەین قۆناغەکە بەرەو پێشتر ببەین
زێلێنسکی لەو بارەوە ڕایگەیاند: "ئێمە بڕوای تەواومان بەوە هەیە کە بڕیارە ئەمنییەکانی تایبەت بە ئۆکرانیا، دەبێت بە بەشداریی وڵاتەکە بێت و بڕیارە ئەمنییەکانی تایبەت بە ئەورووپاش، دەبێت سەرکردەکانی ئەورووپای تێدا بێت، چونکە کاتێک بڕیارێک لە پشتەوەی وڵاتێک یان گەلەکەیەوە دەدرێت، هەمیشە مەترسییەکی زۆر هەیە کە ئەو بڕیارە سەرکەوتوو نەبێت.
هەروەها گوتیشی: ئەو چوارچێوەیە بۆ ئاشتی ئێستا لەبەردەستدایە و خراوەتە ڕوو، ئێمەش ئامادەین پێکەوە بەرەوپێش بچین، لەگەڵ ئەمەریکا و بە بەشداریی ڕاستەوخۆی خودی ترەمپ.
سەرۆکی فەرەنسا: ڕووسیا هیچ نیازێکی نییە بە ئاگربەست ڕازی بێت
لای خۆییەوە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لەبارەی پلانی ئاشتی لە ئۆکرانیا گوتی: ئاشکرایە ڕووسیا هیچ نیازێکی نییە بە ئاگربەست ڕازی بێت و گفتوگۆ لەبارەی پلانە هەموارکراوەکەی ئەمەریکا بکات.
سەرۆکی فەرەنسا جەختیش دەکاتەوە، نابێت هیچ سنوورێک بۆ قەبارەی سوپای ئۆکرانیا دابنرێت، چونکە دەبێت لە دژی هێرشەکانی ڕووسیا بەرگریی لە خۆی بکات.
بەرپرسێک: گۆڕانکاری ڕیشەی لە پلانی ئاشتی کراوە
هاوکات لەو بارەوە بەرپرسێکی باڵای ئاگادار لە بابەتەکە بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، دوایین ڤێرژنی ڕەشنووسی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا، بە بەراورد بە پێشنیازە سەرەتاییەکە زۆر باشترە. گوتی: ئۆکرانیا، ئەمەریکا و ئەورووپییەکان گۆڕانکاری ڕیشەییان لە پلانە پێشنیازکراوەکەدا کردووە و زۆر باشتر کراوە، دەشڵێت: چیتر پلانە 28 خاڵەکە نەماوە.
بەرپرسەکە ئاماژەی بەوەش دا، پلانە هەموارکراوەکە ڕێگە بە ئۆکرانیا دەدات 800,000 سەربازی هەبێت کە دەکاتە نزیکەی هەمان قەبارەی سوپای ئێستا، لە کاتێکدا لە ڕەشنووسی یەکەمدا ژمارەکە بە 600,000 سەرباز سنووردار کرابوو.
ئەوەشی خستەڕوو، سەبارەت بە بابەتی دەستبەرداربوونی ئۆکرانیا لە بەشێک لە خاکەکە، پێویستە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا تاوتوێ بکرێت، کە کیێڤ هەوڵی دەدات ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو کە وەک دوا مۆڵەت دانراوە بۆ ڕازیبوون بەو ڕێککەوتنەکە لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا کۆببێتەوە.بەرپرسەکە گوتیشی: پێم وایە ڕووسیا و ئەمەریکا ئەو بابەتە لە ئەبووزەبی تاوتوێی دەکەن.
پێگەی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمەریکی بڵاوی کردووەتەوە، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا دەیەوێت بەر پێنجشەممە بچێتە کۆشکی سپی و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆببێتەوە، بۆ ئەوەی ڕێککەوتنتی ئاشتی تەواو بکەن.
بەرپرسێکی ئەمەریکی: ئۆکرانیا بە پلانەکە ڕازیبووە
ئەمڕۆ سێشەممە، بەرپرسێکی ئەمەریکی بە کەناڵی (فۆکس نیووز)ی ڕاگەیاندووە، ئۆکرانیا بە ڕێککەوتنێکی ئاشتی ڕازی بووە، کە کۆتایی بە جەنگی ڕووسیا دەهێنێت. ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کردووە، هێشتا هەندێک وردەکاریی بچووکی ڕێککەوتنەکە ماون یەکلا بکرێنەوە.
هەروەها جێف تۆلبێرت، گوتەبێژی سکرتێری سوپای ئەمەریکا "دان دریسکۆڵ"، بە فۆکس نیووزی ڕاگەیاندووە، تیمەکەی ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممە لە ئەبووزەبی لەگەڵ بەرپرسانی ڕووسیا کۆبوونەتەوە بۆ تاوتوێکردنی چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی ئاشتی بۆ ئۆکرانیا.
لاڤرۆڤ: دەبێت پلانە هەموارکراوەکە ڕەنگدانەوەی لووتکەی ئالاسکا بێت
هەر ئەمڕۆ سێشەممە، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە مۆسکۆ ڕایگەیاند، هەر پلانێکی ئاشتیی هەموارکراو بۆ ئۆکرانیا، دەبێت ڕەنگدانەوەی ڕۆح و دەقی ئەو لێکتێگەیشتنانە بێت کە لە نێوان ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی وڵاتەکەی و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە لووتکەی ئالاسکا کرا. هۆشداریشی دا، ئەگەر ڤێرژنی هەموارکراوەکە ڕەنگدانەوەی ئەو بابەتانە نەبێت ئەوا ڕووسیا، ئامادەکاری بۆ گفتوگۆی زیاتر لەگەڵ ئەمەریکا لە ئەبووزەبی بکەن، هەڵوێستێکی زۆر جیاوازی بەرانبەر دەستپێشخەرییەکە دەبێت.
پوتن: ئۆکرانیا پلانی ئاشتی ڕەت بکاتەوە، خاکی زیاتر لەدەست دەدات
هەینی 21ـی تشرینی دووەمی 2025، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاند، ئەمەریکا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆی باسی پلانی ئاشتی بۆ ئۆکرانیا نەکردووە، چونکە کیێڤ دژی ئەو پلانەیە.
دەشڵێت: لەو باوەڕەم ئەو پلانە بەردی بناغە بۆ ڕێککەوتن لەسەر ئاشتییەکی هەمیشەیی دادەنێت؛ هاوکات سەرۆکی ڕووسیا هۆشداریشی دا، ئەگەر ئۆکرانیا بە پلانەکە ڕازی نەبێت، ئەوا خاکی دیکەی زیاتری ئەو وڵاتە داگیر دەکەن.
کۆبوونەوەی ئۆکرانیا و ئەمەریکا
ڕۆژی یەکشەممە شاندەکانی ئەمەریکا و ئۆکرانیا لە جنێڤ لە بارەی پلانەکە کۆبوونەوە و هەر دوو وڵات کۆبوونەوەکەیان بە زۆر ئەرێنی و بەرهەمدار باس کرد
ڕوبیۆ ڕایگەیاندبوو، کۆبوونەوەکە بەرهەمدارترین و گرنگترین کۆبوونەوە بووە لە سەرەتای دەستپێکردنی ئەم پرۆسەیەوە. ئاماژەی بەوە دابوو، خاڵ بە خاڵ بەسەر ڕەشنووسەکەدا ڕۆیشتوون و تیمەکانیان چەند گۆڕانکاری دەکەن بۆ ئەوەی بۆچوونەکان زیاتر لێک نزیک بکەنەوە.
لەلای خۆیەوە، ئەندری یێرماک، سەرۆکی شاندی ئۆکرانیا دووپاتی کردبووە هەنگاوی باشیان بەرەو ئاشتییەکی دادپەروەرانە و بەردەوام ناوە، کە گەلی ئۆکرانیا شایستەیەتی.
هەفتەی ڕابردوو بڵاوبوونەوەی ڕەشنووسی پلانە 28 خاڵییەکەی ئەمەریکا بۆ ئاشتی لە ئۆکرانیا، نیگەرانیی قووڵی لای ئەو وڵاتە و هێزە ئەورووپییەکانی لێ کەوتەوە، بەو پێیەی وا دەردەکەوێت واشنتن زۆربەی داواکارییە سەرەکییەکانی ڕووسیای سەبارەت بە ناتۆ، خاک و کاتی ڕێککەوتنەکە پەسەند کردبێت.
لە پلانە سەرەتاییەکەدا هاتووە، نابێت ئۆکرانیا بە شێوەیەکی هەمیشەیی ببێتە ئەندامی ناتۆ، هەروەها ژمارەی سوپاکەی بە 600 هەزار سەرباز سنووردار دەکرێت، هاوکات هەرێمی دۆنباس ڕادەستی ڕووسیا بکرێتەوە و دەبێت کیێڤی لە ماوەی 100 ڕۆژدا هەڵبژاردن بکات.
