ئەمەریکا و ئۆکرانیا: کۆبوونەوەیەکی بەرهەمدارمان کرد گەیشتووینەتە بەرەوپێشچوونێکی باش
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە جنێڤ، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و ئەندری یێرماک، سەرۆکی نووسینگەی سەرۆکایەتیی ئۆکرانیا، ئەنجامی گەڕی یەکەمی دانوستانەکانیان بۆ ڕاگرتنی جەنگ بە زۆر ئەرێنی و بەرهەمدار وەسف کرد.
ڕوبیۆ ڕایگەیاند کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ بەرهەمدارترین و گرنگترین کۆبوونەوە بووە لە سەرەتای دەستپێکردنی ئەم پرۆسەیەوە. ئاماژەی بەوە دا، خاڵ بە خاڵ بەسەر ڕەشنووسەکەدا ڕۆیشتوون و ئێستا تیمەکانیان خەریکی ئەنجامدانی چەند گۆڕانکاری و دەستکارییەکن بۆ ئەوەی بۆچوونەکان زیاتر لێک نزیک بکەنەوە.
ڕوبیۆ جەختی کردەوە، هەرچەندە لایەنی ڕووسیش بەشێکە لە هاوکێشەکە، بەڵام پێی وایە بەرەوپێشچوونی باشیان بەدەستهێناوە، ئەگەرچی بڕیاری کۆتایی لەلایەن سەرۆکی هەر دوو وڵاتەوە دەدرێت.
لەلای خۆیەوە، ئەندری یێرماک، سەرۆکی شاندی ئۆکرانیا دووپاتی کردەوە هەنگاوی باشیان بەرەو ئاشتییەکی دادپەروەرانە و بەردەوام ناوە، کە گەلی ئۆکرانیا شایستەیەتی.
یێرماک سوپاسی دۆناڵد ترەمپ و ئیدارەی ئەمەریکای کرد بۆ پابەندبوونیان بە بەدیهێنانی ئاشتی و ڕایگەیاند لە ڕۆژانی داهاتووشدا بەردەوام دەبن لە کارکردن بۆ یەکخستنی پێشنیازەکان و هاوبەشە ئەورووپییەکانیشیان بەشداری پێ دەکەن.
بڕیارە ئەو دوو وڵاتە بە بەشداریی لایەنی ئەورووپی و هاوبەشەکانی دیکە گەڕێکی دیکە کۆبوونەوەی نێوانیان بەڕێوە بچێت.
شاندەکەی ئەمەریکا مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوە، ستیڤ ویتکۆف و جارێد کوشنەر نێردەی تایبەت دریسکۆڵ، فەرماندەی سوپا، مایکڵ نیدهام، ڕاوێژکاری وەزارەتی دەرەوە، جولی دەیڤس، باڵیۆزی ئەمەریکا ئاندی بەیکەر، جێگری ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی و ژەنەراڵ گرینکێویچ، فەرماندەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەورووپا (EUCOM) پێکهاتبوو.
هەروەها ڕۆستەرم عومەرۆڤ، وەزیری پێشووی بەرگریی ئۆکرانیا لەو بارەوە ڕایگەیاند، کۆتا ڤێرژنی ڕەشنووسی پلانی ئەمەریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، ڕەنگدانەوە بەشێکی زۆری داواکاری و ئامانجەکانی ئێمە، کە هێشتا لە قۆناغی کۆتایی دایە.
دەشڵێت: هاوکاریی و سەرنجەکانی ئەمەریکا سەبارەت بە داواکارییەکانی ئێمە بەرز دەنرخێنین، کە وای کردووە هەنگاوی باش بنێین، باسی لەوەش کرد، تێگەیشتنێک هەیە کە پێشنیازەکەی واشنتن بەشێک تێڕوانینی ئۆکرانیا لە بارەی بەرژەوەندی نیشتمانی لە خۆ دەگرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئیدارەی ئەمەریکا ڕەشنووسێکی پلانێکی ئاشتی لە ئۆکرانیا داڕشتووە، کە بەشێک لە میدیاکان باس لەوە دەکەن پلانەکە بەشێکی زۆری داواکارییەکانی ڕووسیا جێبەجێ دەکات، لە وانە دەستبەرداربوون لە بەشێک لەو خاکانە ڕووسیا دا گیر کردوون و ئەندامبوون لە ناتۆ.
پلانی ئاشتی لە ئۆکرانیا لە لایەن ئەمەریکا، نیگەرانی زۆری وڵاتانی ئەورووپا، ئۆکرانیا و بەریتانیا تەنانەت خودی بەرپرسانی واشنتنی لێ کەوتەوە، بەهۆی ئەوەی لە داڕشتنی پلانەکە ڕاوێژییان پێ نەکراوە، بۆیە ئەمڕۆ لە جنێڤ ئەمەریکا و ئەورووپا و ئۆکرانیا لەو بارەوە کۆبوونەوە.
