گرۆسی داوای گەڕانەوەی پشکنەرەکان بۆ بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکات
لەکاتێکدا بڕیارنامە نوێیەکەی دەستەی پارێزگاران گرژییەکانی نێوان ڕۆژئاوا و تارانی گەیاندووەتە ئاستێکی نوێ، سەرۆکی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی داوای دەستپێکردنەوەی دەستبەجێی پشکنینەکان دەکات و ئێرانیش هۆشداری دەدات کە زمانی سزادان دەرگای گفتوگۆکان دادەخات.
ڕافایل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ڕایگەیاند: ئامانجی سەرەکییان بریتییە لەوەی ئاستی پەیوەندی و هەماهەنگییەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران بگەڕێننەوە دۆخی ئاسایی و ڕێگە بە پشکنەرەکانیان بدرێت، سەردانی بنکە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە بکەنەوە تاوەکو چاودێری وردی پڕۆسەکان بکەن.
ئەم داواکارییە لە کاتێکدایە کە هەفتەی ڕابردوو دەستەی پارێزگارانی ئاژانسەکە بڕیارنامەیەکی توندی پەسەند کرد، تێیدا حکوومەتی تارانی پابەند کرد بەوەی دەبێت بەپەلە و بەبێ بیانوو چارەنووسی ئەو یۆرانیۆمە پیتێنراوە ئاشکرا بکات کە بووەتە جێی گومانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
لە بەرانبەر ئەم فشارانەدا، بەرپرسانی باڵای ئێران کاردانەوەی توندیان نیشانداوە و جەخت لەوە دەکەنەوە، دەرکردنی بڕیارنامە و بەکارهێنانی زمانی فشار ،کاریگەریی نەرێنی و پێچەوانەی دەبێت لەسەر ئاستی هاوکارییەکانی نێوان تاران و ئاژانسەکە و ڕەنگە ببێتە هۆی پەکخستنی هەوڵە دیپلۆماسییەکان.
