ئومێد خۆشناو: پەیوەندی بازرگانی زۆرباشمان لەگەڵ ئێران هەیە
پارێزگای هەولێر و ورمێ پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانیان فراوانتر دەکەن و پارێزگاری هەولێریش دەڵێت:ڕێککەوتنەکانی نێوان هەردوو پارێزگا بووەتە هۆی ئەوەی جوڵەی بازرگانی لە سنووری نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران زیاتر پەرە بستێنیت.
سێشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە دیداری سەرمایەگوزاران و وەبەرهێنەران و بازرگانانی ئێران و هەرێمی کورستان لە هەولێر ڕایگەیاند: هەرێمی کوردستان و بە تایبەت ئیدارەی پارێزگای هەولێر پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە.
ئومێد خۆشناو، ئاماژەی بەوە دا، ڕێککەوتنەکانی نێوان پارێزگاکانی هەولێر و ورمێ بووەتە هۆی ئەوەی بازرگانی لە سنووری نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران پەرە بستێنێت و ڕۆژ بە ڕۆژ زیاد بکات، ئەو کێشانەی پێشتر بۆ بازرگانان دەهاتنە پێشەوە چارەسەر بکرێت هەروەها زۆرترین ئاسانکاری بۆ بازرگانان دەکرێت.
هەروەها فەرامەرز ئەسەدی، سەرکۆنسوڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر، ڕایگەیاند: پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران گەیشتووەتە بەرزترین ئاست و سەردانی بەرپرسە باڵاکانی وەک چوونی سەرۆکی هەرێم بۆ تاران و هاتنی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ هەولێر، باشترین بەڵگەن بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییە.
