ڕوانگەی سووری: لە ساڵێکدا 530 ئافرەت لە سووریا کوژراون
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، لە ساڵی ڕابردوودا، کوژرانی 530 ئافرەت لەلایەن گرووپ و لایەنە جیاوازەکانەوە لە سەرانسەری سووریا تۆمار کردووە. ئەم ڕاپۆرتە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان ومنداڵان و تیشک دەخاتە سەر دۆخی کارەساتباری ئافرەتان لەو وڵاتەدا.
لە ڕاپۆرتەکەیدا ڕایگەیاندووە: "لەگەڵ دەستپێکی هەڵمەتی 16 ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان، دووپاتی دەکەینەوە، ژنانی سووریا زۆرترین پشکیان لە قوربانیدان بەدەست ململانێکان و بازرگانانی جەنگەوە بەرکەوتووە. ئافرەتان لە بازنەیەکی توندوتیژیدا گەمارۆ دراون کە هەموو ماڵێکی گرتووەتەوە و ئامانج لێی زیانگەیاندنە بە هەمووان بەبێ جیاوازی."
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: "سەرەڕای بانگەشەکردن بۆ ڕۆڵێکی نوێ و کارا بۆ ئەم توێژە، بەڵام واقیعەکە پێچەوانەکەی دەسەلمێنێت. لە سایەی کۆمەڵگەی پیاوسالاریدا، ژنانی سووریا لە دەریایەک لە پەراوێزخستن و هەموو جۆرەکانى ئیستغلالکردندا نوقم بوون."
ڕوانگەی سووری ئاماژەی بە مەترسییە نوێیەکانیش کردووە و دەڵێت: "جگە لە ڕفاندن کە بووەتە ئامرازێکی نوێ بۆ تۆقاندن، هاوکات لەگەڵ توندوتیژیی دەروونی و جەستەیی و سێکسی، ئێستا جۆرێکی دیکەی مەترسیدار سەریهەڵداوە کە 'توندوتیژیی دیجیتاڵی'ـیە. تێیدا ئافرەتانی چالاکوان و تەنانەت هاووڵاتییانی ئاساییش بەهۆی ئایین، مەزهەب، یان بۆچوونی سیاسییانەوە ڕووبەڕووی هەڵمەتی چەواشەکاری و هاندان دەبنەوە، لە کاتێکدا ئەمڕۆ هیچ لایەنێک توانای ڕاگرتنی ئەم هەراسانکردنە ئەلیکترۆنییەی نییە."
