ڤاکسینێکی نوێ، ئافرەتان لە شێرپەنجەی ملی منداڵدان دەپارێزێت
توێژینەوەیەکی فەرەنسی دەریدەخات، کوتان (ڤاکسین)ی دژە ڤایرۆسی گرێی ئاسایی "HPV" مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی ملی منداڵدان بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەکاتەوە، بەتایبەتی ئەگەر لە تەمەنێکی بچووکدا ڤاکسینەکە بکرێت.
بە گوێرەی توێژینەوەکە کە لەلایەن ڕێکخراوی "کۆکرەین"ی فەرەنسییـەوە ئەنجامدراوە، "ڤاکسینی دژ بە ڤایرۆسی گرێی ئاسایی مرۆیی(HPV)، ئەگەری هەیە ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجەی ملی منداڵدان بە ڕێژەی 80% کەم بکاتەوە لای ئەو کەسانەی کە لە تەمەنی 16 ساڵی یان کەمتر لەم تەمەنە ڤاکسینەکەیان وەرگرتبێت".
کۆکرەین ڕێکخراوێکە ژمارەیەکی زۆر لە توێژەران لەخۆدەگرێت و ئەرکیان توێژینەوەیە بە ئامانجی دانانی چەند پێوەرێکی سەرچاوەیی بۆ زانیارییەکان سەبارەت بە بابەتێکی دیاریکراو، سەرەڕای بوونی هەندێک ڕەخنە، کوالێتیی کارەکانی ئەم ڕێکخراوە جێگەی کۆدەنگییەکی فراوانە لەنێو ناوەندە پزیشکی و زانستییەکاندا.
ڕێکخراوەکە لە توێژینەوەکەدا ئاماژەیداوە، سوودەکانی ڤاکسینی ڤایرۆسی گرێی ئاسایی مرۆیی "HPV" ڕوونە، چونکە ئەم ڤایرۆسە لە ڕێگەی جووت بوون یان سێکسەوە دەگوازرێتەوە و هۆکارە بۆ تووشبوون بە چەند نەخۆشییەک، کە مەرترسیدارترینیان شێرپەنجەی ملی منداڵدانە لە ئافرەتاندا.
هەروەها ئاماژەیداوە، ئێستا چەندین وڵات دژ بەم ڤایرۆسە، دەستیان بە پلانی کوتانی هەرزەکاران کردووە، بەڵام زۆرجار بەهۆی گومانی خراپ لە ڤاکسینەکە، پرۆسەکە ڕووبەڕووی دوو دڵی دەبێتەوە.
پێداچوونەوە نوێیەکان
پێداچوونەوەی یەکەم: تەنیا پشتی بەو تاقیکردنەوە کلینیکییانە بەستبوو کە کۆمپانیاکانی دەرمان ئەنجامیان دابوو، گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە ئەم ڤاکسینانە سەلامەتن، بەڵام دژی شێرپەنجەی ملی منداڵدان کاریگەر نین، ئەوەش بەهۆی ئەوەی توێژینەوەکان بەدواداچوونی درێژخایەنی پێویستیان لەخۆ نەگرتووە.
پێداچوونەوەی دووەم: زیاتر لە 200 توێژینەوەیان کۆکردبووەوە کە بۆ پێوانی کاریگەریی هەڵمەتەکانی کوتان ئەنجامدرابوون، بە ڕوونی گەیشتنە ئەو ئەنجامەی ڤاکسینەکە کاریگەرییەکی یەکلاکەرەوەی هەیە لە ڕێگریکردن لە گەشەسەندنی ئەم جۆرەی شێرپەنجە (شێرپەنجەی ملی منداڵدان).
ئەم کاریگەرییەش کاتێک ڤاکسینەکە لە تەمەنێکی بچووکدا وەربگیرێت، بەهێزتر دەبێت، چونکە لە تەمەنێکی گەورەتردا، ڕێژەیەکی بەرزی گەنجان لە ڕێگەی کرداری سێکسییەوە بەرکەوتەی ڤایرۆسەکەیان دەبێت، ئەمەش کاریگەریی خۆپارێزیی ڤاکسینەکە کەم دەکاتەوە.
سەبارەت بە جۆرەکانی دیکەی شێرپەنجە، کە تووشی کۆئەندامی زاوزێ دەبن و پەیوەستن بە ڤایرۆسی گرێی ئاسایی مرۆییەوە (HPV)، وا دەردەکەوێت کە ڤاکسینەکە دژی ئەوانیش کاریگەر بێت، بەڵام بەڵگەکان کەمتر بەهێزن بۆ سەلماندنی، بەهۆی دەگمەنی ئەم حاڵەتانە، کە کەمتر توێژینەوەیان لەسەر کراوە.
هاوشێوەی توێژینەوەی یەکەم، ئەم توێژینەوەیەش سەبارەت بە کاریگەرییە لاوەکییەکان دڵنیایی دەدات، چونکە توێژەران گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە ڤاکسینی دژە گرێی ئاسایی مرۆیی (HPV)"پەیوەست نییە بە زیادبوونی مەترسیی کاریگەرییە لاوەکییە درێژخایەنەکان یان نەزۆکی".
ڤایرۆسی( Human Papillomavirus (HPVباوترین جۆری ڤایرۆسە کە لەڕێگەی جووت بوون یان سێکسەوە بگوازرێتەوە (STI)، ئەم ڤایرۆسە چەند جۆرێکی جیاوازی هەیە، کە دەبنە هۆی دروستبوونی بالوکە (Warts) لە چەند شوێنێکی جیاوازی لەشدا و هەروەها لە هەندێک حاڵەتدا دەبێتە هۆی شێرپەنجەی کۆئەندامی زاوزێ، بەڵام هەندێک جاریش (HPV) بێ ئەوەی هیچ مەترسی و برینێک دروست بکات، ڕاستەوخۆ لەناودەچێت.
