وەزارەتی ئەوقاف: ماوەی ڕایی کردنی مامەڵەی حاجیان درێژکرایەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2025، لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ڕایگەیاند، لەسەر ڕاسپاردەی دکتۆر پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، لەپێناو بەرژەوەندی و خزمەتی زیاتری ئەو کەسانەی کە ناویان بۆ فەریزەی حەج دەرچووە، بڕیاریدا، بەدرێژکردنەوەی ماوەی ڕایی کردنی مامەڵەکانیان و تێچووی حەج بۆ ماوەی هەفتەیەک، ئەمەش لەپێناو هاوکاری و خزمەت گەیاندنی زیاتر بەو کەسانەی، کە دواکەوتوون لە ڕاییکردنی مامەڵەکانیان و لەماوەی ئەوهەفتەیە مامەڵەکانیان ڕایی بکەن، تاوەکو مافی گەشتکردنیان بۆ فەریزەی حەج نەفەوتێ.

ڕاشیگەیاند؛ بۆ بیرخستنەوە بڕیاروابوو ڕۆژی پێنج شەممە 27ـی تشرینی دووەمی 2025 کۆتا وادەی ڕایی کردنی مامەڵەکان بێت، بەڵام دوای بڕیاری جەنابی وەزیر ماوەکەی درێژکرایەوە بۆ ڕۆژی پێنج شەممە 4ـی کانوونی یەکەیمی 2025، بۆ ئەم مەبەستەش نووسینگەکانی حەج و عومرە لەسەرجەم شارو ئیدارە سەربەخۆکان لە کاتژمێر 8:30ـی بەیانی مامەڵەی حاجیان ڕایی دەکەن تاوەکو کاتژمێر 4:00ـی ئێوارە.

 
 
Fly Erbil Advertisment