ئەو کارگەیەی ئەمڕۆ دەکرێتەوە لە مانگێکدا زیاتر لە 100 هەزار مۆبایل بەرهەم دەهێنێت
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی پڕۆژەیەک دادەنێت کە دەتوانێت لە مانگێکدا زیاتر لە 100 هەزار مۆبایل بەرهەم بهێنێت و زیاتر لە سێ هەزار هەلی کاریش بۆ گەنجان بڕەخسێنێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی کارگەی (تەکنەلۆجیای زێڕین 2) دادەنێت کە تایبەت دەبێت بە بەرهەمهێنانی مۆبایل و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان.
بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەری کوردتسان24ـی ڕاگەیاند، ئەم کارگەیە پێشتر هێڵێکی بەرهەمهێنانی لە شاری هەولێر هەبووە کە مانگانە لە نێوان 40 بۆ 45 هەزار مۆبایلی بەرهەم دەهێنا. بەرهەمەکانیان هەناردەی چەندین وڵاتی دەوروبەر و وڵاتانی عەرەبی وەک سووریا، جەزائیر و تونس کراوە.
بە گوتەی گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان، بە کردنەوە و فراوانکردنی ئەم پڕۆژەیە، توانای بەرهەمهێنانی مانگانەی کارگەکە بۆ 100 هەزار مۆبایل زیاد دەکات. گوتیشی "ڕێژەی 95% بۆ 98%ـی دەستی کاری پڕۆژەکە ناوخۆیی دەبێت و تەنیا چەند ئەندازیارێکی چینی بەشدارن. پڕۆژەکە بە هاوبەشی لە نێوان وەبەرهێنەرێکی کورد و وەبەرهێنەرێکی چینی جێبەجێ دەکرێت."
ئاکرەیی ئاماژەی بەوەش کرد، " بەشێک لە کەرەستەی خاو بۆ دروستکردنی مۆبایلەکان لەناو هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت، بەڵام ئەو ئامێر و کەرەستانەی کە تەکنەلۆژیای دروستکردنیان لە ناوخۆدا بەردەست نییە، لە وڵاتی چینەوە هاوردە دەکرێن و لە هەرێمی کوردستان کۆدەکرێنەوە (تەجمیع). دواتر بەرهەمەکان دەخرێنە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، عێراق و هەمان ئەو وڵاتانەی کە پێشتر هەناردەیان بۆ کراوە."
