سەرجەم ڕێگاکانی گەیشتن بە کۆرمۆر داخراون
پێنجشەممە، 27ـی تشرینی دووەم 2025، ئارام بەختیار، پەیامنێری کوردستان 24، لە سلێمانییەوە ڕایگەیاند، بە گوێرەی دواین هەواڵ، هێشتا ئاگرەکەی کێڵگەی غازی کۆرمۆر بە تەواوەتی کۆنترۆڵ نەکراوە.
هێرشەکە، بۆ سەر کۆگاکانی هەڵگرتنی غاز لە کێڵگەکە بووە و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە سلێمانی و چەمچەماڵەوە بەشداریی لە کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا دەکەن.
پەیامنێری کوردستان24، لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت: دانا غاز، سەرجەم چالاکییەکان و بەرهەمهێنانی غازی ڕاگرتووە و هێزێکی زۆری ئەمنیش گەیشتوونەتە کۆرمۆر و سەرجەم ڕێگاکانیان داخستووە و ڕێگەنادەن هیچ کەسێک لەو ناوچەیە نزیک ببێتەوە.
ئارام بەختیار، هەروا ڕایگەیاند "کەمێک پێش ئێستا هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، لە ڕاگەیەنراوێکدا سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر کۆرمۆری کرد و داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد ئەنجامدەرانی ئەم کارە نامرۆڤانە ئاشکرا بکەن و سزایان بدەن."
