نێچیرڤان بارزانی: هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر کۆرمۆر هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی وڵات
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە توندی هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر سەرکۆنە دەکات و دەڵێت "هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی وڵات."
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی لەبارەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر بڵاوکردەوە و گوتی "به توندى سهركۆنهى ئهو هێرشه تيرۆرستييه دهكهم كه شهوى ڕابردوو كرايه سهر كێڵگهى كۆرمۆر."
وەک ئەوەی نێچیرڤان بارزانی جەختی لێ کردووەتەوە "ئهم هێرشه دژى ژێرخانی ئابوورى و خزمهتگوزارييه گشتييهكانی عێراق و هەرێمى كوردستانه و ههڕهشهيهكى ڕاستهوخۆيه لهسهر ئاسايش و سهقامگيريى وڵات."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردووەتەوە "ئهرك و بهرپرسياريهتيى حكوومهتى فيدراڵى عێراق و دامهزراوه ئهمنییه پهیوهندیدارهکانه و پێويسته به زووترین كات ههوڵی جددی بدهن و ڕێكارى پێویست و کاریگهر بگرنهبهر بۆ لێپێچينهوه و سزادانى ئهنجامدهرانى ئهم تاوانه و ڕێگهگرتن له دووبارهبوونهوهى."
کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2025، لوقمان حەسەن، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی چەمچەماڵ بە ئارام بەختیار، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، توانییان دوای چەند کاتژمێرێک لە هەوڵی بەردەوامی تیمەکانیان، ئاگرەکەی کێڵگەی غازی "کۆرمۆر" کۆنترۆڵ بکەن.
بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، بەهۆی هێرشەکە، نزیکەی نۆ کاتژمێر ئاگر لە کۆگایەکی کێڵگەی غازی کۆرمۆر کەوتبووەوە و بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، کۆنترۆڵ کراوە.
"تەواوی هەناردەی غاز ڕاگیراوە"
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشی هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و کارەبا، نزیکەی کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی ڕابردوو (چوارشەممە، 26ـی تشرینی دووەم)، بە "درۆن" هێرش کراوەتە سەر كێڵگەی غازی کۆرمۆر و بەهۆیەوە، تەواوی هەناردەی غاز بۆ وێستگەكانی كارەبا ڕاگیراوە.
جەخت لەوەش کراوەتەوە "تیمەکانی هەردوو تیمی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و كارەبا لەگەڵ كۆمپانیای دانە غاز لەسەر هێڵن بۆ بەدواداچوونی لێكەوتەكانی ڕووداوەكە و ئاسایكردنەوەی بارودۆخەكە."
بەهۆی هێرشەکەی شەوی ڕابردوو بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر و ڕاگیرانی پرۆسەی هەناردەکردنی غازی شل بۆ وێستگەکان، بەرهەمهێنانی کارەبا لە چوار هەزار مێگاواتەوە بۆ 1500 مێگاوات کەمبووەتەوە.
دانەغاز: هێرشەکە بە مووشەک بووە
هاوکات کۆمپانیای 'دانە غاز' لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، هێرشەکەی سەر کێڵگەی "کۆرمۆر" بە "مووشەک" بووە. ئاماژە بەوەش دراوە، لە ئەنجامی هێرشەکە هیچ کارمەندێکیان بریندار نەبووە.
کۆمپانیاکە باسی لەوەش کردووە "بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە و هەڵسەنگاندنی دۆخەکە بەرهەمهێنان ڕاگیراوە، بەردەوامیشین لە هەماهەنگیکردن لەگەڵ دەسەڵاتە ناوخۆییەکان و بۆ ئەوەی لەکاتی خۆیدا بەرهەم بە بازاڕ بکەین."
