بەهۆی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر بەرهەمهێنانی کارەبا کەمبووەتەوە

هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24 لە هەولێر، گوتی: لە کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی ڕابردوو بەدرۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازۆ کۆرمۆر، لەوکاتەوە وردە وردە بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستان کەمبووەوە تاوەکوو کاتژمێر 2ـی بەرەبەیان 1500 مێگاوات کارەبا کەمیکرد.

گوتیشی: ئەو کۆگایانەی غازی تێدا عەمبار کراوە و بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بەکار دەهێنرا، هێرشی کراوەتە سەر، ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا 1500مێگاوات کارەبا ماوەتەوە بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان.

ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکوو ئێستا وەزارەتەکانی سامان سرووشتییەکان و کارەبا سەرقاڵی خەملاندنی زیانەکانن، تاوەکوو بزانن کەی دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە بۆ هەناردەکردنی غاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا. هەروەها لەماوەی سێ مانگی ڕابردوودا ئەمە 28مین هێرشە دەکرێتە سەر ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، نوسیوویەتی: بە توندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشی ترسنۆکانە بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکەم و داوا لە حکوومەتی فیدراڵی دەکەم تاوانباران بدۆزێتەوە و ڕووبەڕووی دادگایان بکاتەوە.

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: هەرکەسێک لە پشت هێرشەکانەوە بێت، نابێت ڕێگەیان پێبدرێت ئەم تاوانانە دووبارە بکەنەوە یان وەک ڕابردوو، بە کەفالەت ئازاد بکرێن.

هاوکات مەسرور بارزانی گوتی: داوا لە هاوبەشە ئەمەریکی و نێودەوڵەتییەکانمان دەکەم کە ئامێری بەرگری پێویست بۆ پاراستنی ژێرخانی مەدەنیمان دابین بکەن، هەروەها پشتگیریمان بکەن لە گرتنەبەری هەنگاوی جددی بۆ ڕێگریکردن لەم هێرشانە بۆ سەر خەڵکی کوردستان و پێشکەوتنەکانمان.

کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی ڕابردوو بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ، بەو هۆیەوە بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەکە و هەناردەی غاز بۆ سەرجەم وێستگەکانی کارەبا ڕاگیران.

هەروەها بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2025، هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەیان بەوە دا،  بەهۆی هێرشەکەوە تەواویی هەناردەی غاز بۆ وێستگەكانی كارەبا ڕاگیران.

هەردوو وەزارەت جەختیان لەوە کردەوە، تیمەکانیان لەگەڵ کۆمپانیای داناغاز لەسەر هێڵن بۆ بەدواداچوونی لێکەوتنەکانی ڕووداوەکە و ئاساییکردنەوەی بارودۆخەکە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، چەندین درۆن بەسەر ئاسمانی کێڵگەی غازی کۆرمۆردا بینرابوون و لە لایەن پاسەوانانی کێڵگەکەوەش تەقەیان لێ کرابوون.

کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادرکەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی. لە ساڵی 2003ـوە لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی هەرێمدایە. لە تشرینی یەکەمی 2008ـەوە دەست کراوە بە بەرهەمهێنانی غاز تیایدا.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment