هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کارەبا کێشەی کەمبوونەوەی کارەبا چارەسەر دەکەن

کێشەی کەمبوونەوەی کارەبا چارەسەر دەکرێت
کێشەی کەمبوونەوەی کارەبا چارەسەر دەکرێت

بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمبوونەوەی کارەبا، هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کارەبا لە کۆبونەوەدان.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2025، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کارەبا لەکۆبوونەوەدان بۆ ئەوەی هەنگاوی خێرا و بەپەلە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمبوونەوەی کارەبا بگرنەبەر و  بەخێرایی بەرهەمهێنانەوەی غاز و هەناردەکردنی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، دەستپێبکەنەوە. 

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2025، لوقمان حەسەن، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی چەمچەماڵ بە ئارام بەختیار، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، توانییان دوای چەند کاتژمێرێک لە هەوڵی بەردەوامی تیمەکانیان، ئاگرەکەی کێڵگەی غازی "کۆرمۆر" کۆنترۆڵ بکەن.

بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، بەهۆی هێرشەکە، نزیکەی نۆ کاتژمێر ئاگر لە کۆگایەکی کێڵگەی غازی کۆرمۆر کەوتبووەوە و بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، کۆنترۆڵ کراوە.

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشی هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و کارەبا، نزیکەی کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی ڕابردوو (چوارشەممە، 26ـی تشرینی دووەم)، بە "درۆن" هێرش کراوەتە سەر كێڵگەی غازی کۆرمۆر و بەهۆیەوە، تەواوی هەناردەی غاز بۆ وێستگەكانی كارەبا ڕاگیراوە.

هاوکات کۆمپانیای 'دانە غاز' لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، هێرشەکەی سەر کێڵگەی "کۆرمۆر" بە "مووشەک" بووە. ئاماژە بەوەش دراوە، لە ئەنجامی هێرشەکە هیچ کارمەندێکیان بریندار نەبووە.

کۆمپانیاکە باسی لەوەش کردووە "بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە و هەڵسەنگاندنی دۆخەکە بەرهەمهێنان ڕاگیراوە، بەردەوامیشین لە هەماهەنگیکردن لەگەڵ دەسەڵاتە ناوخۆییەکان و بۆ ئەوەی لەکاتی خۆیدا بەرهەم بە بازاڕ بکەین."

ئەم هێرشە لە کاتێکدایە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، چەندان فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان (درۆن) بەسەر ئاسمانی کێڵگەی غازی کۆرمۆردا بینرابوون و لە لایەن پاسەوانانی کێڵگەکەوەش تەقەیان لێ کرابوو.

کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادرکەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی. لە ساڵی 2003ـوە لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندایە. لە تشرینی یەکەمی 2008ـەوە دەست کراوە بە بەرهەمهێنانی غاز تیایدا.

 
Fly Erbil Advertisment