وێنەی ئەو کۆگایەی کێڵگەی کۆرمۆر کە کرایە ئامانج
کوردستان24 وێنەی ئەو کۆگایەکی غازی کێڵگەی کۆرمۆر بڵاو دەکاتەوە، کە شەوی ڕابردوو هێرشی کرایە سەر و بەهۆیەوە زیانێکی زۆری پێگەیشتووە، کە بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆمپانیای دانە غازی ئیماراتی، هێرشەکە مووشەکی بووە و بەهۆیەوە هەناردەکردنی غاز بە تەواوی ڕاگیراوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕی کوردستان24، هێرشەکە کۆگای سەرەکی گلدانەوەی غازی بەرهەمهاتوو و ناوەندی دابەشکردنی غازی شلی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان کردووەتە ئامانج، بەهۆیەوە کۆگایەک بە تەواوی وێران بووە و کۆگای دووەمیش زیانی پێگەیشتووە.
ئێستا هەر دوو کۆگاکە لە کار کەوتوون و بەهۆیەوە هەناردەی غازی شل بە تەواوی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان ڕاگیراوە، کە وێستگەکانی بازیان، خورمەلە، ماس، کواشێ، باعەدرێ و چەند وێستگەیەکی دیکە پێکهاتوون، بەهۆیەوە بڕی بەرهەمەهێنانی کارەبای نیشتمانی لە 4000 مێگاواتەوە بۆ 1500 مێگاوات کەمبووەتەوە.
بۆ چارەسەری خێرای کەمبوونەوەی کارەبا، هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لە باڵەخانەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە هەولێر کۆبوونەوە و ناوەندێکی ئۆپراسیۆنی هاوبەشیان پێکهێناوە بۆ ئەوەی هەرچی زووە بتوانرێت کێشەکان چارەسەر بکەن.
کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشی هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و کارەبا، نزیکەی کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی ڕابردوو (چوارشەممە، 26ـی تشرینی دووەم)، بە "درۆن" هێرش کراوەتە سەر كێڵگەی غازی کۆرمۆر و بەهۆیەوە، تەواوی هەناردەی غاز بۆ وێستگەكانی كارەبا ڕاگیراوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2025، لوقمان حەسەن، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی چەمچەماڵ بە ئارام بەختیار، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، توانییان دوای چەند کاتژمێرێک لە هەوڵی بەردەوامی تیمەکانیان، ئاگرەکەی کێڵگەی غازی "کۆرمۆر" کۆنترۆڵ بکەن.
بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، بەهۆی هێرشەکە، نزیکەی نۆ کاتژمێر ئاگر لە کۆگایەکی کێڵگەی غازی کۆرمۆر کەوتبووەوە و بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، کۆنترۆڵ کراوە.
دانەغاز: هێرشەکە بە مووشەک بووە
هاوکات کۆمپانیای 'دانە غاز' لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، هێرشەکەی سەر کێڵگەی "کۆرمۆر" بە "مووشەک" بووە. ئاماژە بەوەش دراوە، لە ئەنجامی هێرشەکە هیچ کارمەندێکیان بریندار نەبووە.
کۆمپانیاکە باسی لەوەش کردووە "بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە و هەڵسەنگاندنی دۆخەکە بەرهەمهێنان ڕاگیراوە، بەردەوامیشین لە هەماهەنگیکردن لەگەڵ دەسەڵاتە ناوخۆییەکان و بۆ ئەوەی لەکاتی خۆیدا بەرهەم بە بازاڕ بکەین."
