دانیشتوویەکی گوندی کۆرمۆر: وەک ئەوە وایە هێرش کرابێتە سەر ماڵی من
هاووڵاتییەکی دانیشتووی گوندی کۆرمۆر، بە پەیامنێری کوردستان24ـی گوت: ئەم هێرشە زیانی بە هەموو کوردستان گەیاندووە، چونکە کارەبای خەڵکی بڕیووە.
ئەم هاووڵاتییە، گوتیشی: دوێنێ شەو لە دەنگی دوو گرمەی زۆر گەورە ڕاچڵەکین، دەرگا و پەنجەرەی ماڵەکانمان لەرزینەوە، کە هاتینە دەرەوە تەماشامان کرد ئاگر لە کێڵگەی غازەکە بەرز دەبێتەوە و یەکسەر کارەبای سەرجەم گوندەکانی دەوروبەر کە ژمارەیان 13 گوندە، پچڕا.
هاووڵاتییەکەی گوندی کۆرمۆر، بکەرانی ئەم هێرشەی بە دەستێکی ناحەز ناوبرد و گوتی: وەک ئەوە وایە هێرشیان کردبێتە سەر ماڵەکەی خۆم، چونکە ئەو کێڵگەیە کارەبای سەرجەم هاووڵاتییانی کوردستان دابین دەکات. جگە لەوەش ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی گوندەکانی ئەم ناوە لەو کێڵگەیە کار دەکەن و سەرچاوەی داهاتیانە.
هاووڵاتییەکە، لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: هیوادارم هەرچی زووترە کێڵگەکە بکەوێتەوە کار و دۆخی کارەبا چاک ببێتەوە.
