بزووتنەوەی ئیسلامی: داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەین ئەنجامدەرانی ئەو کارە تیرۆرستیانە بەسزای خۆیان بگەیەنێت
بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان ئیدانەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر دەکات و دەڵێت، لە لایەن دەستێکی ڕەشی نادیارەوە هێرشێکی ناڕەوا کرایە سەر ئەو کێڵگەیە و بەهۆیەوە کارەبای زۆربەی شارەکان بڕا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2025، د.عەبدوڵڵا وەرتی، گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا گوتی: شەوی ڕابردوو لەلایەن دەستێکی ڕەشی نادیارەوە هێرشێکی ناڕەوا کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، کەبووە هۆی پچڕانی کارەبا لە زۆربەی شارەکانی کوردستان.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە لە بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان زۆربەتوندی ئیدانەی ئەو هێرشە نامرۆڤانەیە دەکەین، داواش لە حکوومەتی عێراق دەکەین بەزووترین کات ئەو کەس و گرووپانە بدۆزێتەوە کە ئەو کارە تیرۆرستی و ترسنۆکانەیان ئەنجام داوە و بەسزای یاسایی خۆیان بگەیەنن.
گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان ڕاشیگەیاند، ئەوجۆرە دامەزراوانە موڵکی هەموو هاووڵاتیانن و پەیوەندی ڕاستەوخۆیان هەیە بە جەوهەری ژیانی هاونیشتیمانیان بۆیە پاراستنیان لەئەستۆی حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کورستاندایە، ئەوە بۆ چەندین جارە بەئامانج دەگیرێن بەڵام تائێستا بکەرانی ئەو تاوانانە دەستگیرنەکراون ئەوەش مایەی نیگەرانی قووڵمانە.
