نووسەرێکی عێراقی: هێرشکەرەکان چاویان بە پێشکەوتنی کوردستان هەڵنایەت
نووسەر و شیکارێکی سیاسی عێراقی دەڵێت: هێرشەکانی سەر کۆرمۆر و هەرێمی کوردستان دوو ئاراستەیە، یەكێک چاو هەڵنەهاتنە بە پێشکەوتنەکانی هەرێم، لایەنی دووەمیش دروستکردنی فشارە بۆ ڕازیبوون بە مەرجی میلیشیاکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی فیدراڵ، کە هەردووکیان خزمەت بە ئەجێندای هەرێمی دەکەن.
فەواز تەیب، نووسەر و ڕۆژنامەوان تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24 لەبارەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر ڕایگەیاند، بە شێوەیەکی گشتی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان شێوازێکی ڕێکخراوە لەلایەن گرووپە چەکدارە عێراقییەکانی سەر بە ئێران جێبەجێ دەکرێت، بەشێکیشی پەیوەندی بە پێشکەوتنەکانی هەرێم و دواکەوتوویی ناوچەکانی عێراقە.
هەروەها فەواز تەیب جەختیشی کردەوە کە ئەو جۆرە هێرشانە ئامانجەکەیان فشار خستنە سەر هەرێمی کوردستانە بۆ ئەوەی ملکەچی مەرجەکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق بێت، کە ئەمەش ڕەفتارێکی چەتەییە نەک دەوڵەتداری، بۆیە نەک دەستکەوتی نابێت، بەڵکوو زیانێکی زۆریان پێدەگەیەنێت.
هەروەها ئاماژەشی دا، ئەم جۆرە هێرشانە ئاشکرایە کە هانی ئەجێندا و پرۆژەی هەرێمی دەدەن، لە نێویاندا ئێران، کە هەندێک لایەنی ناوخۆیی شیعی و کورد پاڵپشتییان دەکەن بۆ بەدیهێنانی مەرامەکانیان.
لە بارەی هۆکاری شکستهێنانی حکوومەتی فیدراڵ لە بەرەنگاربوونەوەی ئەم جۆرە هێرشانە، فەواز تەیب گوتی: لە عێراق حکوومەتێکی ڕاستەقینەمان نییە، حکوومەتی عێراق بە ڕێنمایی مەزهەبی و بە پاڵپشتی میلیشیاکان دادەندرێت و کۆنترۆڵی گۆڕەپانی سیاسی عێراق دەکات، بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی هەر کەس و لایەنێک ببنەوە کە لەبەردەمیان بووەستێت، جا شیعی یاخود لایەنێکی دیکە بێت.
هەروەها فەواز تەیب جەختیشی کردەوە "بەشێوەیەکی گشتی، پێشکەوتن و سەرکەوتنەکانی کوردستان سیستەمی سیاسیی بەغدای نیگەران و هەراسان کردووە و بەهۆی پێشکەوتنی هەرێم و دواکەوتوویی پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە، ناڕەزایەتییەکی جەماوەری دژی حکوومەتی فیدراڵ هەیە، هەر بۆیە ئەمە بووەتە مایەی شەرمەزارییەکی ڕاستەقینە بۆیان و ئاماژەیە بۆ شکستیان لە بەڕێوەبردنی دەوڵەت."
شەوی ڕابردوو بەپێی ڕاپۆرتی دانە غاز، هێرشێکی مووشەکی کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر و بووە هۆی پچڕانی کارەبای نیشتیمانی لە چەندین ناوچەی هەرێمی کوردستان.
