دوای پچڕانێکی کاتی بەهۆی هێرشەکەی کۆرمۆرەوە وێستگە ستراتیژییەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان کەوتنەوە کار
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، سەرەڕای ئەوەی هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر بووە هۆی پچڕانی تەزووی کارەبا و وەستانی کاتیی پرۆژەکانی ئاو، بەڵام لە ماوەیەکی پێوانەییدا توانراوە دۆخەکە ئاسایی بکرێتەوە و پرۆژەکان بخرێنەوە گەڕ، بەمەش ڕێگری کرا لەوەی تیرۆریستان ئامانجەکەیان لە بێئاوکردنی هاووڵاتییان بپێکن.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 27ـی تشرینی دووەمی 2025، تایبەت بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 وردەکاریی کاریگەرییەکانی هێرشەکەی شەوی ڕابردووی سەر کێڵگەی کۆرمۆری خستە ڕوو و ئاماژەی بەوە دا، هێرشەکە بووەتە هۆی پچڕانی کارەبا لەسەر 24 پرۆژەی ستراتیژیی پاڵاوتنی ئاو و 24 یەکەی بچووک (کۆمپاکت یونت) کە توانای بەرهەمهێنانی 100 بۆ هەزار مەتر سێجا ئاویان هەیە لە کاتژمێرێکدا و سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی ئاوی خواردنەوەن بۆ سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.
بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەری گشتی، هەرچەندە مەبەستی پشت ئەو هێرشە تیرۆریستییە سەختکردنی ژیانی هاووڵاتییان و بڕینی ئاوی خواردنەوە بووە، بەڵام تیمە پەیوەندیدارەکان توانیویانە لە ماوەیەکی زۆر کەمدا کارەبا بۆ وێستگەکان بگێڕنەوە و دەست بە دابەشکردنەوەی ئاو بکەنەوە، بەمەش پلانەکە شکستی پێ هێنراوە.
سەبارەت بە کاریگەریی لەسەر بیرەکانی ئاویش، ئاری ئەحمەد ڕوونی کردووەتەوە کە لە هەرێمی کوردستان نزیکەی پێنج هەزار و 800 بیری ئاو هەن کە پشت بە وزەی کارەبا دەبەستن، ئەوانیش بەهۆی هێرشەکەوە بۆ ماوەیەک لەکارکەوتوون و کێشەی کەمئاوییان دروست کردووە، بەڵام ئێستا بەشی هەرەزۆریان کارەبایان بۆ گەڕێندراوەتەوە و کەوتوونەتەوە کار، هاوکات کارکردن لەسەر ژمارەیەکی کەمی ئەو بیرانە بەردەوامە بۆ ئەوەی بە زووترین کات ئەوانیش بەکار بخیرێنەوە.
