یەکێتیی ئەورووپا هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر سەرکۆنە دەکات
نێردەی یەکێتیی ئەورووپا بۆ عێراق ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشە درۆنییەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر نیگەرانن و هێرش بۆ سەر ژێرخانی وزەی هاووڵاتیان سەرکۆنە دەکەن.
پێنجشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2025، یەکێتیی ئەورووپا هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر سەرکۆنە دەکات.
نێردەی یەکێتیی ئەورووپا بۆ عێراق ڕایگەیاند: بەهۆی هێرشە درۆنییەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر نیگەرانن و هێرش بۆ سەر ژێرخانی وزەی هاووڵاتیان سەرکۆنە دەکەن.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، پابەندیی خۆیان بۆ هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری و ئەنجامدانی چاکسازی بۆ خزمەتی هاووڵاتیان دووپاتدەکەنەوە.
درەنگانی شەوی چوارشەممە 26ـی تشرینی دووەمی 2025، بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ، بەو هۆیەوە بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەکە و هەناردەی غاز بۆ سەرجەم وێستگەکانی کارەبا ڕاگیران.
هەروەها بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2025، هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەیان بەوە دا، بەهۆی هێرشەکەوە تەواویی هەناردەی غاز بۆ وێستگەكانی كارەبا ڕاگیران.
هەردوو وەزارەت جەختیان لەوە کردەوە، تیمەکانیان لەگەڵ کۆمپانیای داناغاز لەسەر هێڵن بۆ بەدواداچوونی لێکەوتنەکانی ڕووداوەکە و ئاساییکردنەوەی بارودۆخەکە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، چەندین درۆن بەسەر ئاسمانی کێڵگەی غازی کۆرمۆردا بینرابوون و لە لایەن پاسەوانانی کێڵگەکەوەش تەقەیان لێ کرابوون.
کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادرکەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی. لە ساڵی 2003ـوە لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی هەرێمدایە. لە تشرینی یەکەمی 2008ـەوە دەست کراوە بە بەرهەمهێنانی غاز تیایدا.
