ئاشوورییەکان بۆ دادپەروەری: بە توندی سەرکۆنەی هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر دەکەین
ئاشوورییەکان بۆ دادپەروەری بە توندی سەرکۆنەی هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستان دەکات و داوا لە هەر دوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات وەڵامێکی یەکلاکەرەوەی بکەرانی هێرشەکەی سەر ئەو کێڵگەیە بدەنەوە.
سام دارمۆ، سەرۆکی دامەزراوە ئاشوورییەکان بۆ دادپەروەری ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە تێیدا ئاماژەی داوە، لە ڕۆژی چوارشەممە 26ی تشرینی دووەمی 2025، گرووپە چەکدارەکان کە بە شێوەیەکی نایاسایی کار دەکەن و لەلایەن ئەجێندای دوژمنکارانەی دەرەکییەوە ئاراستە دەکرێن، هێرشێکی چەپەڵ و ترسنۆکانەیان کردە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر؛ کە ژێرخانێکی گرنگە و وزە بۆ ماڵان، پیشەسازی و کۆمەڵگاکانی سەرانسەری هەرێمی کوردستان و دەرەوەشی دابین دەکات.
دەشڵێت: ئەم کردەوە تیرۆریستییە قێزەونە نەک تەنیا ژیان و بژێوی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان دەخاتە مەترسییەوە، بەڵکوو ئەو سەقامگیری و پێشکەوتنە لەکەدار دەکات کە بە ئەستەم لە نیشتمانە هاوبەشەکەماندا بەدەست هاتووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، وەک ڕێکخراوێک کە بۆ دادپەروەری، مافەکانی مرۆڤ و پاراستنی کەلەپووری ئاشووری لە عێراق تەرخانکراوە، ئێمە هاوسۆزیی پتەوی خۆمان بۆ گەلی کوردستان، کرێکارەکانی کۆرمۆر و هەموو ئەو عێراقییانە دووپات دەکەینەوە کە بەهۆی ئەم هێرشەوە زیانیان بەرکەوتووە.
جەختیشی لەوە دەکاتەوە ئەم جۆرە هێرشانە، کە بە ڕق و کینەی دەرەکی و گوێنەدان بە ژیانی بێتاوانان ئاراستە دەکرێن، ڕەنگدانەوەی تاریکترین قۆناغەکانی مێژووی ناوچەکەمانن؛ کە تێیدا توندڕەوی و دەستتێوەردانی دەرەکی چەندین جار تۆوی دووبەرەکی و وێرانکارییان لە نێوان خوشک و براکانمان لە هەموو پاشخانە نەتەوەیی و ئایینییەکان چاندووە.
سەرۆکی دامەزراوە ئاشوورییەکان بۆ دادپەروەری داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، حکوومەتی فیدراڵی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بە یەکەوە وەڵامێکی خێرا و یەکلاکەرەوەیان بۆ دەستگیرکردنی بکەرانی ئەو هێرشە و هەڵوەشاندنەوەی ئەم تۆڕە نایاساییانە و زامنکردنی ئاسایشی سەرچاوە گرنگەکانی وزە کە داهاتووی هاوبەشمان دەپارێزن هەبێت و لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت.
هاوکات ئاشوورییەکان بۆ دادپەروەری پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ قوربانییان، خێزانەکانیان و هەوڵە بەردەوامەکان بۆ چاککردنەوەی زیانەکان دووپات دەکاتەوە.
نزیکەی کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی ڕابردوو (چوارشەممە، 26ی تشرینی دووەم)، هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ، لە پارێزگای سلێمانی.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشی هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کارەبا، هێرشەکە بە "درۆن" بووە، بەڵام کۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، کێڵگەکە بە "مووشەک" کراوەتە ئامانج.
بە پێی هەردوو ڕاگەیەنراوەکەش، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە، بەڵام بووەتە هۆی کەمبوونەوەی 80%ی بەرهەمهێنانی کارەبای گشتیی کوردستان.
