دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر دەکات

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سەرکۆنەی هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکات، هاوکات دەشڵێت: پێویستە حکوومەتی عێراق هەرچی زووە ئەو گرووپ و کەسانە بدۆزێتەوە و ئاشکرایان بکات و لێکۆڵینەوەی ورد ئەنجام بدات و بکەرانی ئەو کردەوەش ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە

پێنجشەممە 27ـی تشرینی دووەمی 2025، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، "بەداخەوە شەوی ڕابردوو هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر و بە هۆییەوە زەرەر و زیانی زۆر بەر کێڵگەکە کەوتەوە و بووە هۆی پچڕانی کارەبای نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان."

دەشڵێت: "ئێمە لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەرکۆنەی ئەو کردەوە تیرۆریستییە دەکەین و بە دەست درێژی ئاشکرای دەزانین بۆ سەر سامانی نیشتمانی وڵات و بەرژەوەندی گشتی. دووپاتیشی دەکاتەوە، بەداخەوە ئەو کردەوانە چەندین جار دووبارە بووەتەوە و بەئاشکرا لەلایەن هەندێک گرووپەوە بەرژەوەندییەکانی خەڵک دەکرێنە ئامانج و زەرەر بە ژێرخانی ئابووری هەرێم دەگەینن."

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کردووە، پێویستە حکوومەتی عێراق هەرچی زووە ئەو گرووپ و کەسانە بدۆزێتەوە و ئاشکرایان بکات و لێکۆڵینەوەی ورد ئەنجام بدات و بکەرانی ئەو کردەوەش ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە. هەروەها داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و کونسوڵخانەکان و وڵاتان دەکات بەشێک بن لە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خەڵک و هەرێمی کوردستان و ڕووبەڕووی ئەو مەترسی و هێرشە تیرۆریستیانە ببنەوە کە دەبنە مایەی نائارامی بۆ سەر هەموو لایەک.

نزیکەی کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی ڕابردوو (چوارشەممە، 26ـی تشرینی دووەم)، هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ، لە پارێزگای سلێمانی.

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشی هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کارەبا، هێرشەکە بە "درۆن" بووە، بەڵام کۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، کێڵگەکە بە "مووشەک" کراوەتە ئامانج.

بە پێی هەردوو ڕاگەیەنراوەکەش، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە، بەڵام بووەتە هۆی کەمبوونەوەی 80%ی بەرهەمهێنانی کارەبای گشتیی کوردستان.

 
 
Fly Erbil Advertisment