وەزارەتی دەرەوەی تورکیا سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکات
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکات و ڕایگەیاند، هێرشەکەی سەر کۆرمۆر جێگەی نیگەرانییە.
پێنجشەممە 27ی تشرینی دووەمی 2025، ئۆنجو کەچەلی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەبارەی هێرشکردنە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا سەرکۆنەی هێرشەکەی کردووە.
لە پەیامەکەی ئۆنجو کەچەلیدا هاتووە: "بە نیگەرانییەوە دەڕوانینە ئەو هێرشەی شەوی ڕابردوو 26ی تشرینی دووەم کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، ئەمەش لە سۆنگەی پەرۆشیمان بۆ سەقامگیری و خۆشگوزەرانیی عێراقی دراوسێمانە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا جەختی کردووەتەوە "بە توندی سەرکۆنەی ئەو جۆرە کردەوانە دەکەن کە ژێرخانی مەدەنی دەکەنە ئامانج."
لەبارەی دۆخی هاووڵاتییە تورکەکانیش کە لەو کێڵگەیە کار دەکەن، کەچەلی ئاماژەی بەوە داوە، "کونسوڵخانەی گشتیی وڵاتەکەمان لە هەولێر دڵنیایی داوە لە گرتنە بەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی گیان و سەلامەتیی ئەو هاووڵاتییە تورکانەی لەو شوێنە کار دەکەن."
نزیکەی کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی ڕابردوو (چوارشەممە، 26ـی تشرینی دووەم)، هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ، لە پارێزگای سلێمانی.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشی هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کارەبا، هێرشەکە بە "درۆن" بووە، بەڵام کۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، کێڵگەکە بە "مووشەک" کراوەتە ئامانج.
بە پێی هەردوو ڕاگەیەنراوەکەش، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە، بەڵام بووەتە هۆی کەمبوونەوەی 80%ی بەرهەمهێنانی کارەبای گشتیی کوردستان.
Süleymaniye’de Bulunan Kor Mor Doğalgaz Sahasına Yönelik Saldırı Hakkında:
— Öncü Keçeli | Dışişleri Bakanlığı Sözcüsü (@SpoxTR_MFA) November 27, 2025
Irak’taki Kor Mor doğalgaz sahasına dün (26 Kasım) gece yapılan saldırıyı komşumuz Irak’ın istikrarı ve refahı açısından endişeyle karşılıyoruz. Sivil altyapıya yönelik bu tür eylemleri kınıyoruz.
Erbil…
