ئومێد خۆشناو: حکوومەتی هەرێم لە هەموو ئاستێک لە هەوڵدایە بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە
پارێزگاری هەولێر، ڕایگەیاند، سوپاسی هەموولایەک دەکەین، وەک شاخێکی خۆ نەچەمێن بەرانبەر هەوڵی ناحەزان و دوژمنان وەستاونەتەوە.
پێنجشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەبارەی هێرشەکەی کێڵگەی غازی کۆرمۆر، ڕایگەیاند: سوپاسی هەموولایەک دەکەین، وەک شاخێکی خۆ نەچەمێن بەرانبەر هەوڵی ناحەزان و دوژمنان وەستاونەتەوە.
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە داوە، حکوومەتی هەرێم لە هەموو ئاستێک لە هەوڵە بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە نەخوازراوە و دڵنیابن وەک هەمیشە سەرکەوتین و سەردەکەوین.
ئومید خۆشناو، باسی لەوەش کردووە، بە درێژای ڕۆژ لەگەڵ هەموولایەک بەتایبەت، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەت لەسەر خەتین و بەدڵنیایەوە، ئەو دۆخە چارەسەر دەبێ و وەک هەر جار سەر دەکەوین.
درەنگانی شەوی چوارشەممە 26ـی تشرینی دووەمی 2025، بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ، بەو هۆیەوە بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەکە و هەناردەی غاز بۆ سەرجەم وێستگەکانی کارەبا ڕاگیران.
هەروەها بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2025، هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەیان بەوە دا، بەهۆی هێرشەکەوە تەواویی هەناردەی غاز بۆ وێستگەكانی كارەبا ڕاگیران.
