جەبار یاوەر: تاکە شوێنین لە ناوچەکە کارەبای24 کاتژمێریمان هەیە
ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر کردەوەیەکی تیرۆریستییە و ئامانج لێی زیان گەیاندنە بە ژێرخانی مەدەنی و پرۆژەی ڕووناکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەشڵێت: حکوومەتی فیدراڵ لەو هێرشانە بەرپرسیارە، چونکە وەک پێویست ڕێگریان لەو گرووپە چەکدارانە نەکردووە و نەیتوانیوە هێزێکی هاوبەش لەو ناوچانە دابین بکات.
هەینی 28ـی تشرینی دووەمی 2025، جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە مێوانی باسی ڕۆژ بوو کە لەلایەن ژینۆ محەممەد پێشکەش دەکرێت، لەبارەی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر گوتی: ئەم کارێکی تیرۆریستییە و هەڕەشەیەکی گەورەیە لەسەر هاووڵاتییان، چونکە ڕاستەوخۆ کاریگەری خراپی لەسەر ژیان هەیە، هەر وەک دوو ڕۆژە کارەبا لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بڕاوە.
دەشڵێت: ئەوانە پێشتر هێرشیان کردووەتە سەر بارەگەکانی هاوپەیمانان و فڕۆکەخانەکان، بەڵام ئێستا ژێرخانی مەدەنی، ئابووری و ستراتیژی هەرێمی کوردستان دەکەنە ئامانج، کە ئامانج لێی زیان گەیاندە بە ئابووری و پرۆژەی کارەبای24 کاتژمێریی کە هەرێمی کوردستان تاکە شوێنە لە ناوچەکە بتوانێت کارەبای بێپچران دابین بکات.
باسی لەوەش کرد، تاوەکوو ئێستا ئەو لیژنەی سەردانی کێڵگەی غازی کۆرمۆری کردووە نازانێت، هێرشەکە بە درۆن یان مووشەک کراوە: هاوکات سەبارەت بە مووشەکی گراد گوتی: مووشەکێکی کۆن و سادەیە و مەوداکەی کورتە تەنیا نزیکەی 20 کیلۆمەترە ئامانجەکەی بپێکێت، بۆیە ئەگەر مووشەک بێت، پێشبینی دەکرێت لە دووزخورماتوو ڕەوانە کرابێت.
ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند, دوای لێکۆڵینەوەکان هەر ئەو 11 جارەی هێرش کراوەتە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی عێراق بووە، بۆیە ئەوان بەرپرسیاریی یەکەمن، دەشڵێت: تەنانەت ئەو کەسانەی کۆتا جار هێرشیان کردە سەر ئەو کێڵگەی سزا نەدارون؛ هەروەها یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان نەبوونی هێزێکی هاوبەشە لە ناوچە بۆشاییە ئەمنییەکان.
