ئەمەریکا مەرج بۆ حکوومەتی نوێی عێراق دادەنێت

واشنتن جەختی کردووەتەوە لە ڕەتکردنەوەی میلیشیا و گرووپە چەکدارەکانی بەشدار لە حکوومەتی نوێی عێراق و هۆشداریشی داوە لە هەر جۆرە مامەڵەیەک لەگەڵیاندا.

بە گوێرەی سەرچاوەکانی هەوڵی کەناڵی"عەرەبییە"، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، شاندێکی ئەمەریکی سەردانی عێراقی کردووە، شاندەکە سەرکردە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراقیان ئاگادارکردووەتەوە کە کار لەگەڵ هیچ وەزارەتێک یان دامەزراوەیەکی حکوومیدا ناکەن، کە لە لایەن گرووپە چەکدارەکانەوە بەڕێوە ببردرێت.

هاوکات لایەنی ئەمەریکی جەختی لە ڕەتکردنەوەی بەشداریکردنی گرووپە چەکدارەکان لە حکوومەتی نوێی عێراقدا کردووەتەوە.

ئەم هۆشدارییانەی ئەمەریکا بۆ گرووپە چەکدارەکانی عێراق، بە تایبەت ئەو گرووپانەی لە ئێرانەوە نزیکن یەکەمجار نییە، پێشتر چەندین جار ئەمەریکا بە ئاشکرا ڕایگەیاندووە، میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق جێگایان نابێتەوە و دەبێت ئەو وڵاتە جێبهێڵن.

لە بەرانبەر هۆشدارییەکانی ئەمەریکا، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران، هەرجارە و بە جۆرێک کاردانەوەیان هەبووە، لە دوایین جاریشدا، دوای کردنەوەی گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان، بە گوێرەی ڕاگەیندراوێکی کۆمپانیای "دانە غاز" بە مووشەک هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، کە بەهۆیەوە بەشێکی زۆر لە کارەبای هەرێمی کوردستان بچڕا.

هێرشە مووشەکییەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، کاردانەوەی گەورەی لە ناوچەکە و جیهان دروست کرد.

لە ڕاگەیەنراوێکدا لەسەر پلاتفۆرمی"ئێکس" مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، داوای لە ئەمەریکا و وڵاتانی دیکە کرد، ئامێری بەرگریی پێویست بۆ پاراستنی ژێرخانی هەرێمی کوردستان دابین بکەن، هەروەها پاڵپشتی هەرێم بکەن لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی جددی بۆ ڕێگریکردن لەو هێرشانە بۆ سەر گەلەکە و پێشکەوتنەکانی هەرێمەکە.

لای خۆیەوە ڕەمزی ماردینی، دامەزرێنەری کۆمپانیای جیۆپۆل لابس، کە کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاریی جیۆپۆلەتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، بە ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ڕاگەیاندووە،"دوای ئەوەی ئێران لە سەرەتای ئەمساڵدا لە لایەن ئەمەریکاوە هێرشی کرایە سەر، لە نێویاندا بەرنامە ئەتۆمییەکەی، ڕەنگە ئاماژەیەکی باوەڕپێکراو بنێرن کە ئەگەر هەڵمەتێکی دیکە لە دژی بەرژەوەندییەکانیان دەست پێبکرێت، بریکارەکانیان هاوپەیمانە ئەمەریکییەکان لە ناوچەکە دەکەنە ئامانج". هەروەها دەڵێت،"دڵنیام ئێرانییەکان ئاگاداری هێرشەکەی سەر ( کۆرمۆر ) بوون".

هەفتەی ڕابردوو هاوپەیمانیی "چوارچێوەی هەماهەنگی" کە لە لایەنە شیعەکانی نزیک لە ئێران پێکهاتبوو، پێکهێنانی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی و نیازی هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی بۆ عێراق ڕاگەیاند.

بۆ ڕۆژی دواتر، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی عێراق، ڕایگەیاند، هاوپەیمانییەکەیان لە کۆی 329 کورسی پەرلەمان زۆرترین کورسی لە هەڵبژاردنەکانی 11ی ئەم مانگەدا بەدەستهێناوە، کە 46 کورسییە. هاوکات پەیوەندییان بە گەورەترین کوتلەی پەرلەمانییەوە کردووە، کە 175 کورسی پەرلەمان لەخۆدەگرێت، کە دەکاتە زیاتر لە نیوەی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی عێراق.

لە بەرانبەردا، دیارترین سەرکردەی هێزە سیاسییە سوننەکان لە عێراق پێکهێنانی "ئەنجومەنی سیاسی نیشتمانی"یان ڕاگەیاند، بە ئامانجی "یەکخستنی دیدگا و بڕیارەکان" دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کە تێیدا بە لیست و کاندیدی جیاواز بەشدارییان کردبوو. 

لە ڕۆژانی ڕابردوودا کۆبوونەوەیەک لە بەغدا بە سەرکردایەتی پێنج لایەنی گەورەی سوننە بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمان و سەرۆکی بزووتنەوەی "تەقەدوم"، کە بە 27 کورسی زۆرترین پشکی لەنێو هێزە سوننەکانی پەرلەمانی هەڵبژێردراودا بەدەستهێناوە، هەروەها  خەمیس خەنجەر، سەرۆکی "هاوپەیمانی سیادە" بەڕێوەچوو.

بە پێی ڕاگەیەنراوێک کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی بڵاوی کردووەتەوە، لایەنەکان ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی، ئەنجوومەنی سیاسی نیشتمانی وەک چەتری سەرتاسەری پێکبهێنرێت، کە هەڵوێستەکان هەماهەنگ دەکات و دیدگا و بڕیارەکان سەبارەت بە پرسە نیشتمانییە گەورە جیاوازەکان یەکدەخات.

جەختیان لەوە کردووەتەوە، کە ئەنجوومەنەکە کراوە دەبێت بە ڕووی هەموو هاوبەشە نیشتمانییەکاندا و پابەند دەبێت بە بنەما بنەڕەتییەکانی پاراستنی یەکڕیزی و سەقامگیری عێراق، هەروەها پاراستنی مافی هەموو پێکهاتەکان بەبێ جیاوازی.

لە دوای یەکەم هەڵبژاردنی فرە حزبی عێراق لە ساڵی 2005، دوو ساڵ دوای لەشکرکێشی ئەمریکا کە ڕژێمی "سەدام حوسێن"ی ڕووخاند، سەرۆکی پەرلەمان سوننە، سەرۆک وەزیران شیعە و سەرۆکی کۆمار کورد بووە، کە لەسەر بنەمای سیستمی دابەشکردنی دەسەڵات لە نێوان هێزە سیاسییەکاندا دابەشکراوە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment