بەریتانیا لە ڕێککەوتنی پرۆگرامی بەرگری ئەووروپا سەرکەتوو نەبوو

بەریتانیا لە دانوستانەکانی لەگەڵ برۆکسل لەبارەی بەشداری لە پرۆگرامی بەرگریی 150 ملیار یۆرۆی یەکێتی ئەورووپا، بەهۆی ناکۆکی لەسەر بەشداری دارایی ئەو وڵاتە نائومێدی خۆی دەربڕی.

لەدوای هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە ساڵی 2022ـەوە، وڵاتانی ئەورووپا بە پرۆسەی پڕچەک کردنی هێزەکانیان خێراتر کردووە، لەمبارەیەوە سەرەتای ئەمساڵ برۆکسل دەستپێشخەرییەکی قەرزی هاوبەشی دەستپێکرد، بڕیاربوو 150 ملیار یۆرۆ وەکو قەزری کەم سوود بۆ پرۆگرامی بەرگریی ئەورووپا بدات، کە بە پرۆگرامی کردەی ئەمنی بۆ ئەورووپا (SAFE) لە لایەن وڵاتانی یەکێتی ئەورووپاوە خەرج بکرێت، بە مەبەستی دووبارە بوژاندنەوەی سەقامگیری و ئاسایشی کیشوەرەکە. 

لەندەن و برۆکسل ناکۆک بوون لەسەر قەبارەی ئەو بەشدارییەی بەریتانیا دەیکات بۆ هاوبەشی لە پرۆگرامەکەدا، چونکە بەریتانیا بەنیاز بوو زۆرترین هەلی کار لە پرۆگرامەکەدا پێشکەش بە کۆمپانیاکانی بەرگری وڵاتەکەی بکرێت.

نیک تۆماس سایمۆندز، وەزیری پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەورووپا ڕایگەیاندووە، "جێگەی نائومێدییە کە نەمانتوانیوە گفتوگۆکان لەبارەی بەشداری بەریتانیا لە خولی یەکەمی (SAFE) کۆتایی پێبهێنین"

ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆمپانیاکانی چەکی بەریتانیا "هێشتا دەتوانن لە وڵاتی سێیەم بەشداری لە پڕۆژەکاندا بکەن، بەڵام دەبێت بە گوێرەی مەرجەکانی ئەو پرۆگرامە کارەکانیان بکەن".

سیمۆندز باسی لەوەشکردووە، هەڵوێستمان هەمیشە ڕوون بووە، ئێمە تەنیا ڕێککەوتننامە واژۆ دەکەین کە خزمەت بە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان بکەن، هەروەها بەهاکان بە گوێرەی بڕی پارەی تەرخانکراو هەڵدەسەنگێنین و پێگەی وڵاتەکان دیاری دەکەین. 

بە گوێرەی کاری ئەم پرۆگرامە، وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەورووپا، پارەی قەرزکراو بۆ ئەو چەکانە خەرج دەکەن کە لانیکەم 65%ی دەبێت لە چوارچێوەی وڵاتانی هەمان گرووپدا بەرهەم هێنرابن.

بەشداریکردنی بەریتانیا لەم پرۆگرامەدا مەرجەکانی دەبەزاند، هاوکات دەرفەتی گرێبەستی زیاتری بۆ کۆمپانیاکانی بەریتانیا دەکردەوە، هەربۆیە ناکۆکی لە نێوان لەندەن و برۆکسل لە بارەی قەبارەی گرێبەستەکان و بڕی پارەی تەرخانکراو دروست بوو، ئەمەش وایکردووە بەریتانیا بە نائومێدییەوە بڕوانێتە کارەکانی پرۆگرامی بەرگری ئەورووپا.

هەرچەندە هەردوو لایەن ڕایانگەیاندووە، دانوستانەکان "بە نیەتێکی باشەوە" ئەنجامدراون، هەروەها  کۆمیسیۆنی ئەورووپا جەختی لەوەکردووەتەوە، کۆمپانیا بەریتانیەکان هێشتا دەتوانن بەشداری بکەن لە پرۆگرامەکە بە ڕێژەی 35%ی گرێبەستەکان.

لە بارەی بەشداریکردنی کەنەدا کۆمیسیۆنەکە ئاماژەی بەوەکردوە، گفتوگۆکان لەگەڵ ئەو وڵاتە سەبارەت بە بەشداریکردنی لە پرۆگرامەکەی یەکێتی ئەورووپا بەردەوامە، هیوادارین پێش ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو بگەینە ڕێککەوتن.

بەرپرسانی ئەورووپی پێشتر ڕایانگەیاندبوو، کە گرووپەکەیان داوای لە لەندەن کردووە بە بڕی 6.5 ملیار یۆرۆ بەشداری بێت، بەڵام بە گوێرەی سەرچاوە دیپلۆماسییەکان، بەریتانیا کە لە ساڵی 2020 لە یەکێتی ئەورووپا دەرچوو، ئەو بەشدارییە پێشنیاز کراوەی ڕەتکردەوە و هەوڵی کەمکردنەوەی داوە.

بە گوێرەی زانیاری ئەو تەرخانکردنانەی لە مانگی ئەیلوولدا لەلایەن برۆکسلەوە بڵاوکراونەتەوە، پۆڵەندا، ڕۆمانیا، فەرەنسا و هەنگاریا لەنێو ئەو وڵاتانەدان کە زۆرترین بودجەیان داوا کردووە.

بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، پۆڵەندا کۆی گشتی قەرزەکانی نزیکەی 44 ملیار یۆرۆیە کە وەریگرتووە، دوای ئەو ڕۆمانیا بە 16.7 ملیار یۆرۆ، دواتر فەرەنسا و هەنگاریا هەریەکەیان 16.2 ملیار یۆرۆیان وەرگرتووە.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment