پرۆژەی شەوانی سینەمای فەرەنسی لە سلێمانی دەستی پێکرد
پڕۆژەی شەوانی سینەمای فەرەنسی لە سلێمانی بەژێرنووسی دەستی پێکرد، ئەم پرۆژەیە هەموو مانگێک فلیمێکی فەرەنسی بەژێرنوسی کوردی نمایش دەکات. بینەران دەتوانن بەبێ بەرانبەر لە سینەما سالم ئامادەی بن.
دانا کەریم، سەرۆکی ڕێکخراوی ئاسیا بۆ کولتوور و هونەر، بە کوردستان24ـی گوت: بە هاوکاریی ئەنسیتووی فەرەنسی لە هەولێر، ڕێکخراوەکەمان پرۆژەی شەوانی سینەمای فەرەنسی لە سلێمانی دەست پێکردووە. فیلمەکان بە ژێرنووسی کوردی پیشان دەدرێن و هاووڵاتییان دەتوانن بەبێ بەرانبەر ئامادەی بن.
سەرۆکی ڕێکخراوی ئاسیا بۆ کولتوور و هونەر، گوتیشی: هیوادارین لەم ڕێگەیەوە بتوانین دانیشتووانی سلێمانی بە کولتووری فەرەنسی ئاشنا بکەین و هەلێکیش بێت بۆ یەکترناسین و گۆڕینەوە بیروڕا. ئێمە هیوادارین لە داهاتوودا بتوانین فیلمی کوردی لە فەرەنسا و شارەکانی دیکەی ئەورووپا بە ژێرنووسی زمانەکانی ئەوان پیشان بدەین.
قادر جەلال، ئەکتەر، گوتی: ئەمە پرۆژەیەکی زۆر گرنگ و پیرۆزە، بە تایبەتیش چونکە فیلمەکان بە ژێرنووسی کوردی پیشان دەدرێن و هەموو کەسێک دەتوانێت لێیان بگات.
