بەهۆی لافاوەکەی وڵاتانی ئاسیا زیاتر لە هەزار کەس بوونەتە قوربانی

 بە گوێرەی نوێترین ئاماری ڕاگەیەنراو، ژمارەی قوربانییانی ئەو لافاوەی چەند وڵاتێکی ئاسیای گرتووەتەوە گەیشتووەتە زیاتر لە هەزار کەس.

لە هەفتەی ڕابردووەوە شەپۆلێکی بارانی بەخوڕ و بەردەوام وڵاتانی سریلانکا و بەشێکی بەرفراوانی سوماترا لە ئیندۆنیزیا و باشووری تایلاند و باکووری مالیزیای گرتووەتەوە. بارانە بەخوڕەکە دانیشتووانی ناوچەکانی ناچارکردووە پەنا بۆ سەربانی خانووەکان بەرن و چاوەڕێی تیمەکانی فریاگوزاری بکەن کە بە بەلەم و هێلیکۆپتەر بێن و ڕزگارییان بکەن، ئەمەش لەکاتێکدابوو ڕێگای گەیشتن بە تەواوی گوندەکان پچڕاوە. حکوومەتەکانی ئەو وڵاتانە، فەرمانیان بە سەربازەکانیان کردووە فریای هاووڵاتییان بکەون.

لە ئیندۆنیزیا زیاتر لە 500 کەس گیانیان لەدەستداوە 

پرابۆوۆ سوبیانتۆ، سەرۆکی ئیندۆنیزیا،  ئەمڕۆ دووشەممە، 1ـی کانوونی یەکەمی 2025، گەیشتە باکووری سوماترا و ڕایگەیاند، "هیوادارین ئەو دۆخە خراپە تێپەڕیبێت"، ئاماژەی بەوەش کرد، کاری لە پێشینەی حکوومەت ناردنی هاوکارییە پێویستەکانە بە خێرایی، بەتایبەتی بۆ ئەو ناوچانەی کە ڕێگەکانیان پچڕاوە.

سەرۆکی ئیندۆنیزیا لەژێر فشارێکی زۆردایە بۆ ئەوەی باری نائاسایی ڕابگەیەنێت، ئەمەش لە کاتێکدا بەهۆی لافاو و ڕۆچوونی زەوی لانی کەم 502 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 500 کەسی دیکەش بێسەروشوێنن، هەروەها سوبیانتۆ تا ئێستا بە فەرمی داوای هاوکاریی نێودەوڵەتی نەکردووە. ئەمەش بە بەهێزترین کارەساتی سروشتی لە ئیندۆنیزیا دادەنرێت، دوای تسونامییەکەی ساڵی 2018، کە زیاتر لە دوو هەزار کەس گیانیان لەدەستدا.

 

سریلانکا داوای هاوکاریی نێودەوڵەتی دەکات

لەلایەکی دیکەوە لە سریلانکا، حکوومەت داوای هاوکاری نێودەوڵەتی کردووە و هێلیکۆپتەری سەربازی بەکارهێناوە بۆ گەیشتن بەو کەسانەی کە بەهۆی لافاو و ڕۆچوونی زەوی گیریان خواردووە. بەرپرسانی سریلانکا ڕایانگەیاندووە، لانی کەم 340 کەس گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی زۆریش بێسەروشوێنن.

ئانورا کومارا دیسانایاکێ، سەرۆکی سریلانکا کە باری نائاسایی ڕاگەیاندووە، گوتارێکی بۆ هاووڵاتیانی دا و گوتی: "لە مێژووی وڵاتەکەماندا ڕووبەڕووی گەورەترین و سەختترین کارەساتی سروشتی بووینەتەوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە وڵاتێکی باشتر لەوەی پێشوو بنیات دەنێینەوە."
زیانەکانیش لە دوای تسۆنامییە وێرانکەرەکەی ساڵی 2004 کە نزیکەی 31 هەزار کە گیانیان لەدەستدا، بە سەخترین کارەساتی سروشتی دادەنرێت.

کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوا لە تایلاند

شەپۆلەکانی بارانبارین لە باشووری تایلەند بوونەتە هۆی لافاو و لانی کەم 176 کەس گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش بە یەکێک لە سەخترین ڕووداوەکانی لافاو لە دە ساڵی ڕابردووی ئەو وڵاتە دادەنرێت، سەرەڕای ڕێکارەکانی حکوومەت، ڕەخنەی توند لە شێوازی بەهاناوەچوونەکە گیراوە و دوو بەرپرسی ناوخۆیی بەهۆی کەمتەرخەمییەوە لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە. هاوکات لە مالیزیاش دوو کەس بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە.

بەپێی ئامارەکان، بەهۆی لافاوەکە زیاتر لە 20 هەزار خانوو وێران بووە و 122 هەزار کەسیش ڕوویان لە پەناگە کاتییەکانی حکوومەت کردووە، هەروەها 833 هەزار کەسی دیکەش دوای ئاوارەبوونیان بەهۆی لافاوەکەوە پێویستیان بە هاوکاریی حکوومەت هەیە. 

 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment