لە ئێران پیسبوونی هەوا تەنگی بە پرۆسەی خوێندن هەڵچنیوە

بەهۆی کاریگەری پیسی هەواوە، حکوومەتی ئێران بڕیاریدا لە پێنج پارێزگا سبەی دووشەممە 1ـی کانوونی یەکەمی 2025، پرۆسەی خوێندن بە تەواوی لە سەرجەم قۆناغەکان ڕابگرێت و لە قوتابخانەکان بکرێتە پشووی فەرمی.

ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، نزیک لە سوپای پاسداران بڵاویکردووەتەوە، وەک ئەوەی پێشبینی دەکرا شەپۆلێکی دیکەی پیسبوونی هەوا و بڵاوبوونەوەی پەتای وەرزی لە چەند ناوچەیەکی ئێران، بەرۆکی قوتابخانە و قوتابیانی گرتووەتەوە، هەربۆیە سبەی لە پارێزگاکانی ئەلبۆرز، تاران، سمنان، هەمەدان و گەیلان پشووی فەرمییە، لەم بڕیارەدا بە پلەی یەکەم ڕەچاوی تەندروستی و سەلامەتی قوتابیان کراوە.

هەروەها ئاماژەیداوە، بەردەوامبوونی پیسی هەوای شارەکان بووەتە گرفتێک لەبەردەم پرۆسەی خوێندن و ئەمەش بووەتە قەیرانێکی گەورە بۆ پرۆسەی فێربوون و پەروەردە.

تەنیا لە پارێزگای تاران، بڕیارەکە شارەکانی مەلارد، ڕیبات کەریم، دەماوەند، فەیرۆزکو، پەردیس ناگرێتەوە، ئەگەرنا لە ناوەندی تاران و شارەکانی دەوربەری سبەی دووشەممە پشووی فەرمی دەبێت.

بە گوێرەی پێگەی جیهانی پێوەری چۆنیەتی کەشوهەوا، تاران لە 12ـەمین پیسترین شاری جیهانە و دۆخی هەوای شارەکەش بە سوور پۆلێنکراوە، هەرچەندە ماوەی چەند هەفتەیەکە بەردەوام هۆشداری لە پیسی هەوای تاران دەدرێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment