بڕیاری دابەشکردنی زەوی بۆ فەرمانبەرانی گرێبەست دەرچوو
بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕەزامەندیی لەسەر دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی گرێبەست درا.
یەکشەممە، 30ـی تشرینی دووەمی 2025، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی شارەوانی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕەزامەندیی درا لەسەر تەرخانکردنی زەوی نیشتەجێبوون بۆ فەرمانبەرانی گرێبەست، کە ماوەی خزمەتی کردەییان لە 8 ساڵ کەمتر نەبێت.
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستە ڕوو، هەمان مەرج و ڕێکارەکانی هاتوو لە ڕێنمایی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و خانەنشینان لە هەرێمی کوردستان ژمارە (2)ـی ساڵی (2024)ـی هەموارکراو، بەسەر فەرمانبەرانی گرێبەستیش جێبەجێ دەکرێت.
لە 27ـی ئاداری 2024، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران، بڕیار درا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی. بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024، لە ڕۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاو کرایەوە.
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 30 هەزار فەرمانبەری گرێبەست هەن، هەروەها لە 25ـی 9ـی 2024، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی ڕەزامەندیی لەسەر بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست دابوو.
هەروەها هەر هەمان ڕۆژ، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، وەزارەتی دارایی وئابووری و ئەنجوومەنی گشتیی ڕاژەی هەرێمی کوردستان ڕاسپارد کە ڕێکاری پێویست بگرنەبەر بە هەماهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراقی فیدراڵ و لە چوارچێوەی هەمان تەرخانکراویی ئێستای مووچەی فەرمانبەرانی گرێبەست کە لە لایەن وەزارەتی دارایی عێراق مانگانە خەرج دەکرێت
بەڵام تا ئێستا حكوومەتی فیدراڵ ڕەزامەندیی لەسەر بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەستی هەرێمی کوردستان نەداوە.
