لە زانکۆی ئەمەریکی دهۆک سێیەمین پێشبڕکێی ڕۆبۆتەکان بەڕێوەچوو
بەشی ئەندازیاری ئەلیکترۆنی و پەیوەندییەکان لە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک، سێیەمین پێشبڕکێی ڕۆبۆتەکانی ئەنجامدا.
هەشت ڕۆبۆت کە لەلایەن قوتابیانی زانکۆکەوە دروستکرابوون، بەشدارییان لە پێشبڕکێکەدا کردبوو.
ئۆتۆمبێلێکی ئەلیکترۆنییە بە شێوازی ڕۆبۆت، لەلایەن دوو خوێندکاری زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک دروستکراوە و بە ئامێری پەیوەندیکردن جووڵەی پێ دەکرێت، هێزەکەی 12 ڤۆڵتە، توانای هاتوچۆ و پاڵنانی بۆ هەموو لایەک هەیە.
مەحشاد موراد قوتابی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک گوتی، ڕۆبۆتەکە بە هێزی پاتری کار دەکات و کێشیشی 2.5 کیلۆ گرامە و کارەکەی ئەوەیە کە پاڵ بە ڕۆبۆتەکانی دیکەوە بنێت و لە کاتی هێرش کردنە سەری لەلایەن ڕۆبۆتێکی دیکەوە بەرگری لەخۆی دەکات، هەروەها ئەگەر بە شێوازی سەراوژێریش بێت کاری خۆی هەر دەکات.
جگە لەم ڕۆبۆتە، حەوت ڕۆبۆتی دیکەش بەرهەمی ئەم زانکۆیەن، کە ئامانج لە دروستکردنیان خۆ گونجاندنە لەگەڵ بەرەوپێشچوونە تەکنەلۆژییە خێراکان.
سۆنگول سەلام، قوتابییەکی دیکەی زانکۆکە گوتی، بیرۆکەکەمان لە گیانەوەری کەرکەدەنەوە وەرگرتووە بۆ ئەوەی بەهێز بێت لە بەرگریکردن لەخۆی و ئەو ماددانەی لە دروستکردنی بەکار هاتوون یارمەتی دەدەن لە بەدەستهێنانی ئەم ئامانجە.
هەژی دلێر، خوێندکارێکی دیکەی زانکۆکەیە و لە پێشبڕکێکەدا بەشداری کردووە گوتی، ڕۆبۆتەکەمان توانای پاڵنانی هەیە بە یارمەتی چوار بزوێنەر، هەروەها توانای بەرزکردنەوەشی هەیە لە ڕێگەی ئەو بەشەی ڕۆبۆتەکەوە کە پێی دەڵێن(Flipper).
زانکۆی ئەمەریکی کوردستان، هەوڵ دەدات دەرگا لەبەردەم داهێنان و نوێگەریی خوێندکاران بکاتەوە و لە بەرنامەیاندایە لە داهاتوودا ڕۆبۆتەکان پێش بخەن و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگە بەکاریان بهێنن.
عەبدولرەزاق فەرهادی، ڕاگری کۆلێژی ئەندازیاری لە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک، بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، ڕۆبۆتەکان ڕۆڵیان لە چارەسەرکردنی زۆر بابەت هەیە، هەر لە کارگەکانەوە بگرە تا دیزاینی خانووبەرە و زۆر بواری دیکەش.
هەروەها فەرهادی جەختیشی کردەوە، دەبێت لەگەڵ زانستی سەردەمدا بڕۆین ئەگەرنا لە دوادوەی وڵاتانی جیهان جێدەمێنین.
لە سەردەمی ئێستا، تەکنەلۆژیا و زانستی ڕۆبۆت بووەتە هەنگاوی سەرەکی پێشکەوتنی جیهان، قوتابیان و گەنجانی هەرێمی کوردستانیش لە ڕێگەی دروستکردنی ڕۆبۆتەوە دەیانەوێت ببن بە بەشێک لەم پێشکەوتنە.
