دیمەشق کورسییەکەی لە یەکێتیی وڵاتانی دەریای ناوەڕاست وەرگرتەوە

سووریا
سووریا

دوای تێپەڕینی زیاتر لە چواردە ساڵ بەسەر سڕکردنی پەیوەندییەکان و چۆڵبوونی کورسییەکەی، حکوومەتی سووریا بە هەنگاوێکی دیپلۆماسیی نوێوە دەرگای گەڕانەوەی بۆ نێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردەوە و بە فەرمی بەشداریی لە کۆبوونەوەکانی یەکێتیی وڵاتانی دەریای ناوەڕاست لە ئیسپانیا کرد.

وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد،  بەڕێوەبەری کاروباری ئەورووپا لە وەزارەتەکەیان، وەک نوێنەری فەرمیی وڵاتەکەی بەشداریی لە دەیەمین کۆڕبەندی هەرێمیی یەکێتیی وڵاتانی دەریای ناوەڕاستدا کردووە کە لە شاری بارسێلۆنا بەڕێوە چوو.

 ئەم بەشداریکردنە لەسەر ئاستی باڵای وەزارەتی دەرەوە، بە واتای کاراکردنەوەی ڕۆڵی سووریا و کۆتاییهێنان بەو دۆخە هەڵپەسێردراوە دێت کە ماوەی دەیە و نیوێکە باڵی بەسەر پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و ئەو ڕێکخراوە هەرێمییەدا کێشاوە.

ڕەگ و ڕیشەی ئەم دابڕانە دیپلۆماسییە بۆ ساڵی 2011 و سەرەتای سەرهەڵدانی ئاڵۆزییەکانی سووریا دەگەڕێتەوە،لەو کاتەدا، یەکێتیی ئەورووپا بەهۆی بەکارهێنانی هێز لەلایەن حکوموەتی سووریاوە دژی خۆپیشاندەران، زنجیرەیەک سزای توندی بەسەر دیمەشقدا سەپاند، وەک پەرچەکردارێک بەرامبەر ئەو سزایانە، حکوموەتی سووریا بڕیاری دا بە دەستپێشخەریی خۆی ئەندامێتییەکەی لە یەکێتیی وڵاتانی دەریای ناوەڕاست هەڵپەسێرێت.

یەکێتیی وڵاتانی دەریای ناوەڕاست ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتییە کە 43 وڵات لەخۆ دەگرێت (27 وڵاتی یەکێتیی ئەورووپا و 16 وڵاتی باشوور و ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست).

 گەڕانەوەی سووریا لەم کاتەدا، وەک بەشێک لە هەوڵە بەردەوامەکانی ئەو وڵاتە دەبینرێت بۆ شکاندنی گەمارۆ دیپلۆماسییەکان و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا.

 
 
Fly Erbil Advertisment