ماریا زاخارۆڤا: ئەورووپییەکان دەیانەوێت ئاستەنگ بۆ ڕێککەوتنی ئۆکرانیا دروست بکەن

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، ڕایگەیاند، لێدوانی نوێنەرانی ناتۆ سەبارەت بە ئەگەری هێرشی پێشوەختە بۆ سەر ڕووسیا، هەوڵێکی دیکەی ئەورووپیەکانە بۆ تێکدانی ڕێکەوتنی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا.

ئەمڕۆ دووشەممە، 1ی کانوونی یەکەمی 2025، ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، ڕایگەیاند، مۆسکۆ لێدوانەکانی سەرۆکی لیژنەی سەربازی ناتۆ بە هەوڵێکی ئەنقەست بۆ تێکدانی هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئۆکرانیا دەزانێت.ئاماژەشی دا، ئەم لێدوانانە زۆر نابەرپرسیارانەن و خواستی پەرەسەندن و بەردەوامی شەڕ نیشان دەدەن.

قسەکانی ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، دوای ئەوە هات کە جۆزێپی دراگۆنی، سەرۆکی لیژنەی سەربازی ناتۆ، پێشتر ڕایگەیاندبوو، هاوپەیمانیەتیەکەیان بیر لە گرتنە بەری هەڵوێستێکی توندتر دەکاتەوە لە وەڵامی هێرشی ئەلیکترۆنی و کردەوەکانی ڕووسیا.

دراگۆنی لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی "فاینانشیاڵ تایمز"ی بەریتانی، ڕایگەیاندبوو، هاوپەیمانی سەربازی ڕۆژئاوا، بیر لە بەهێزکردنی وەڵامدانەوەی خۆی بۆ شەڕ لەگەڵ مۆسکۆ دەکاتەوە، هەروەها گوتوویەتی، "ئێمە لە هەموو شتێک دەکۆڵینەوە، ئەوەی ئێستا بیری لێدەکەینەوە ئەوەیە کە چالاکتر و توندتر بین لەبری ئەوەی تەنیا سەیری ڕووداوەکان بکەین و کاردانەوەمان هەبێت".

لە ماوەی ڕابردوودا بەشێک لە بەرپرسانی وڵاتانی ئەورووپا، ئاماژەیان بەوەک ڕدبوو، تووشی ڕووداوگەلێک بوونە کە بە "جەنگی تێکەڵاو" ناوی دەبەن، هەندێکیان هۆکاری ئەو جەنگەیان بۆ سیاسەتی کارکردنی ئێستای ڕووسیا گەڕاندووەتەوە، ڕووداوەکان بریتی بوون لە، بڕینی کێبڵەکان لە دەریای باڵتیک، هێرشی ئەلیکترۆنی و هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە فڕۆکەخانە گەورەکانی ئەورووپای بۆ ماوەیەک لە کارخست.

لەلایەکی دیکەوە ڕۆژنامەی "فاینانشیاڵ تایمز" ئاماژەی بەوە کردبوو، ، وەڵامدانەوەی ئەورووپییەکان لە هێرشی ئەلیکترۆنیدا دژی ڕووسیا ئاسانتر دەبێت، چونکە زۆرێک لە وڵاتانی ئەورووپا خاوەنی توانای هێرشبەرین لە جیهانی ئەلیکترۆنیدا، بەڵام لە وەڵامدانەوەی هێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەون لە بەرانبەر هێزی ڕووسیادا ئەرکیان قورس دەبێت و لەوانەیە لەم کارەیاندا سەرکەوتوو نەبن.

 
Fly Erbil Advertisment