پشێوییەکانی ئەم دواییە بەشێکە لە هەوڵێکی دەرەکی و ناوخۆیی بۆ لاوازکردنی هەرێمی کوردستان
یەکێتی بە هەماهەنگی حەشدی شەعبی ئاڵۆزییەکانی لاجان بۆ شاردنەوەی هێرشەکانی سەر کۆرمۆر و لالەزار بەکاردەهێنێت
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ حەشدی شەعبی و گرووپە میلیشیاکان، هەوڵی دروستکردنی پشێوی و ئاڵۆزی زیاتر لە گوندی لاجان دەدەن و دەیانەوێت ئەو ڕووداوە بۆ شاردنەوە و لەبیربردنەوەی هێرشی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر و هۆتێل لالەزار بەکاربهێنن.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ماوەی دوو ڕۆژە، کۆمەڵە کەسێک ڕێگای تانکەرەکانی گواستنەوەی سووتەمەنی و هاووڵاتییانیان لە سنووری گوێڕ گرتووە و تەقە لە خەڵک و ڕێبوارانی ئەو ڕێگایە دەکەن.
ئەم پشێوییانەی ئەم دواییە بەشێکە لە هەوڵێکی فراوانتری دەرەکی و ناوخۆیی کە ئامانج لێی لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستانە.
شەممە، 29ی تشرینی دووەمی 2025، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاندبوو: ماوەیەکە لە لایەن چەند دەستێکی دەرەکی و بە فیتی هەندێک کەس و لایەنی ناوخۆیی، هەوڵی نانەوەی ئاژاوە دەدرێت.
وەزارەتەکە باسی لەوە کردبوو، نوێترین هەوڵی تێکدەرانە لە بە ئامانجگرتنی کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەستی پێکرد، کە مەبەست لێی ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێم بووە، دوای ئەوەش حکوومەتی هەرێمی کوردستان سووتەمەنیی شلی وەک جێگرەوەی گاز بۆ دابینکردنی کارەبا بەکار هێنا.
هاوکات ئاماژەی بەوە دابوو، بە هاندانی ناوخۆیی و دەرەکی، کۆمەڵە کەسێکی ئاژاوەگێڕ ڕێگەی تانکەرەکانی گواستنەوەی سووتەمەنی و هاووڵاتیاینیان لە سنووری گوێڕ گرت و تەقەیان بە سەر خەڵک و ڕێبوارانی ئەو ڕێگەیەدا کرد، لە ئەنجامی تەقەی ئەو کەسانەدا هاووڵاتییەک گیانی لە دەستدا ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.
وەزارەتی ناوخۆ جەختی لەوە کردبوو، چیدیکە ڕێگە نادەن سوود لە نیازپاکیی دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان وەربگیرێت و سنوورێک بۆ ئەو کارە تێکدەرانە دادەندرێت.
دووپاتیشی کردبوو، بۆ ڕاگرتنی ئەو جۆرە ئاژاوەگێڕییانە، بە پێی یاسا بەرکارەکان لە هەرێمی کوردستان مامەڵە لەگەڵ کەسانی ئاژاوەگێڕ دەکرێت و کەس لە سەرووی یاساوە نییە.
