ڕۆژنامەیه‌كی قه‌ته‌ری: هێرشەکەی سەر کۆرمۆر لە خورماتووەوە بە دوو درۆن ئەنجام دراوە

بۆردومانکردنی کێڵگەی گازی کۆرمۆر
بۆردومانکردنی کێڵگەی گازی کۆرمۆر

ڕۆژنامەی عەرەبی جەدیدی قەتەری ئاشکرای کردووە، لیژنەی لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر ناوی بکەرانی هێرشەکە ئاشکرا ناکات.

ڕۆژنامەی عەرەبی جەدیدی قەتەری، لە ڕاپۆرتێکدا دەربارەی دوایین بەدواداچوونەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە هێرش کردنە سەر کۆرمۆر ئاماژەی بەوە دا، لیژنەکە تەنیا توانیویەتی ئەوە ئاشکرا بکات کە بە دوو درۆن هێرش کراوەتە سەر کێڵگەی کۆرمۆر.

ڕۆژنامەکە ئەوەشی بڵاو کردەوە، هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لەسەر سنووری هەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕێندراوەکان لە قەزای  خورماتووەوە ئەنجام دراوە، بەڵام لیژنەی لێکۆڵینەوەکە نەیتوانیوە دیاریی بکات کام کەسایەتی و گرووپی چەکدار بەرپرسیارن لە هێرشەکە.

درەنگانی شەوی چوارشەممە 26ـی تشرینی دووەمی 2025، کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ، بۆردومان کرا، بەو هۆیەوە بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەکە و هەناردەی گاز بۆ سەرجەم وێستگەکانی کارەبا ڕاگیران.

هەروەها بەرەبەیانی پێنجشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2025، هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەیان بەوە دابوو، بە مووشەک هێرش کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، بەهۆیەوە تەواویی هەناردەی گاز بۆ وێستگەكانی كارەبا ڕاگیران.

دوو ڕۆژ دوای ڕووداوەکە، بە فەرمانی ڕاستەوخۆی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، شاندێکی ئەمنیی باڵای هاوبەش بە سەرۆکایەتیی وەزیرانی ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری گەیشتنە کێڵگەی گازی کۆرمۆر، ئامانجی سەرەکییان ئاشکراکردنی ناسنامەی هێرشبەران و ئامادەکردنی ڕاپۆرتێکی تێروتەسەل بوو بۆ فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان.

یەکشەممە، 30ـی تشرینی دووەمی 2025، میقداد میری، بەڕێوه‌بەری پەیوەندییەكان و ڕاگەیاندن لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتبووی: لیژنەی لێكۆڵینەوە بە سەرۆكایەتیی وەزیری ناوخۆی عێراق سەردانی شوێنی ڕووداوەکەی کرد و ڕاپۆرتی كۆتایی و کارەکانی دیكەیان تەواو كردووە.

جەختی لەوەش کردبووەوە، ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌ لە هێرشه‌كه‌ی سەر كۆرمۆر له‌ قۆناغی كۆتاییدایه‌، بەڵام تا پەسەند نەكرێت ناتوانم زانیاری زیاتر بدەم و لە ماوەیەكی نزیكدا ئەنجامی ڕاپۆرتەكە بە فەرمیی ڕادەگەیەنرێت.

 
Fly Erbil Advertisment