شەپۆلێکی نوێی بارانبارین و دابەزینی پلەکانی گەرما ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات
دەستەی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا، هاتنی شەپۆلێکی بارانبارینی بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی عێراق ڕاگەیاند، کە هاوکات دەبێت لەگەڵ گۆڕانکاری لە خێرایی با و دابەزینی پلەکانی گەرما.
بەگوێرەی پێشبینییەکان، کاریگەریی ئەم شەپۆلە لە ئەمڕۆ دووشەممەوە 1ـی کانوونی یەکەمی 2025، دەردەکەوێت و ئاسمانی پارێزگاکانی هەرێم و چەند ناوچەیەکی ڕۆژهەڵاتی عێراق بە هەوری باراناوییەوە دەپۆشێت، هەرچەندە پێشبینی دەکرێت ماوەی مانەوەی شەپۆلی بارانبارینەکە کورت بێت، بەڵام گۆڕانکاریی بەرچاو لە کەشی ناوچەکەدا دروست دەکات.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەو ناوچانەی دەکەونە بەشی ڕۆژئاوای عێراق، کەشوهەوایەکی جیاوازیان دەبێت، بە جۆرێک خێرایی با تێیاندا ڕوو لە زیادبوون دەکات و شەپۆلێکی سەرما ڕوویان تێ دەکات، کە دەبێتە هۆی ئەوەی پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو داببەزن.
دۆخی بارانبارین لەم وەرزەی ئەمساڵدا تا ڕادەیەک خراپە، لە سەرەتای دەستپێکردنی وەرزی دابارینەوە تاوەکو ئێستا، ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق تەنیا بەر یەک شەپۆلی کاریگەری بارانبارین کەوتوون، ئەم دواکەوتن و کەمییەی بارانبارین لە کاتێکدایە کە ساڵانی ڕابردوو لەم کاتانەدا چەندین شەپۆلی بەهێز ناوچەکەی دەگرتەوە، ئەمەش وای کردووە چاوەکان لەسەر گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لە ڕۆژانی داهاتوودا چڕتر ببنەوە.
