خورشید هەرکی بۆ کوردستان24: هەموو لایەک بۆ چارەکردنی کێشەی گوندی لاجان لەسەر هێڵن

خورشید هەرکی، کەسایەتی دیاری هۆزی هەرکی
خورشید هەرکی، کەسایەتی دیاری هۆزی هەرکی

خورشید هەرکی، لە بارەی ئاڵۆزییەکانی گوندی لاجانەوە دەڵیت: دەستێکی دەرەکی دەیەوێت دۆخی هەرێمی کوردستان تێک بدات، پێویستە هاووڵاتییان هاوشان لەگەڵ حکوومەت ڕووبەڕووی ببنەوە و بنبڕی بکەن.

دووشەممە، 1ـی کانوونی یەکەمی 2025، خورشید هەرکی، کەسایەتی دیاری هۆزی هەرکی، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: زۆر دڵگرانین بۆ ئەو کێشەیەی کە لە گوندی لاجان ڕووی داوە، هیوادارین بە زووترین کات چارە بکرێت.

ئەو کەسایەتییە دیارەی هۆزی هەرکی دەڵێت: دانیشتووانی گوندی لاجان هەموویان پارتین، هەروەها ئێستا هەموو لایەک لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی بە زووترین کێشەی گوندەکە چارە بکەن.

هاوکات خورشید هەرکی داوا لە هەرکییەکان دەکات، هۆشیار بن و بە قسەی هیچ لایەنێک هەڵسوکەوت نەکەن.

گوتیشی: ئەو دەستکەوتە مەزنانەی هەرێمی کوردستان، هەمووی بە خوێنی شەهیدان بە دەست هاتووە، هیوادارم خوێنی شەهیدان بەفیڕۆ نەدرێت.

هەرکی لە بارەی پاڵاوگەی لانازەوە دەڵێت: ئەو پاڵاوگەیە جێگرەوەی کێڵگەی گازی کۆرمۆرە لە هەرێمی کوردستان، کاتێک کۆرمۆر بۆردومان کرا و بەرهەمهێنانی گاز وەستا، ئەوا پاڵاوگەی لاناز هەستا بە دابینکردنی گازی شل بۆ وێستگەکانی کارەبا.

جەختی لەوەش کردەوە، دەبێت هەموومان بە یەکەوە پاڵاوگەی لاناز بپارێزین. دەشڵێت: دەستێکی دەرەکی دەیەوێت دۆخی هەرێمی کوردستان تێک بدات، پێویستە هاووڵاتییان هاوشان لەگەڵ حکوومەت ڕووبەڕووی ببنەوە و بنبڕی بکەن.

ئەو کەسایەتییە دیارەی هۆزی هەرکی، داواکارە ئەوەی بووەتە مایەی ئەو کێشەیەی گوندی لاجان، لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێت.

 خورشید هەرکی، دووپاتی کردەوە، هیچ کەسێک ناتوانێت هەرکییەکان و پارتی لێک بکات. هەروەها گوتیشی: دانیشتووانی گوندەکە دڵسۆزی پارتی و ڕێبازی بارزانین.

هەر ئەمڕۆ ڕیش سپی و پیاوماقووڵانی گوندی لاجان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا پەیامێکی یەکلاکەرەوەیان بڵاو کردەوە و تێیدا جەختیان لەسەر کۆتاییهێنان بە تەواوی گرژییەکان کردەوە، هاوکات هۆشدارییەکی توندیان دایە هەر کەس و لایەنێک کە هەوڵی دروستکردنی کەلێن لەنێو هۆزی هەرکی بدات.

پیاوماقووڵانی گوندی لاجان ئاماژەیان بەوە دا، ئەو کەسانەی لە دەرەوەی پارتین، دەیانەوێت گەنجانی هەرکی بە کوشتن بدەن، بەڵام هەرکییەکان ڕێگە نادەن دەستی دەرەکی بێتە نێو ئەو نا تێگەیشتنەی لەنێوان خەڵکی گوندی لاجان و کۆمپانیای لاناز دروست بووە، ئەو دەستانە دەبڕین ئەگەر بیانەوێت سوود لەو بارودۆخە وەربگرن.