زێلێنسکی: پرسی یەکلاییکردنەوەی سنوورەکان سەخترین بابەتە
سەرۆکی ئۆکرانیا پێشبینی دەکات گفتوگۆ لەسەر پرسە سەرەکییەکان لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا بکات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەوڵەکان بۆ یەکلاییکردنەوەی جەنگ لەگەڵ ڕووسیا زۆر چڕ بوونەتەوە و دەشڵێت: پرسی یەکلاییکردنەوەی سنوورەکان و گەرەنتی ئەمنی گرنگترین بابەتن.
دووشەممە 1ـی کانوونی یەکەمی 2025، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە پاریس بوو بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانیی زیاتری ئەورووپا بۆ کیێڤ و لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کۆبووەوە و کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان کرد.
زێلێنسکی لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا گوتی: چاوەڕوانی گفتوگۆیەکین لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لەسەر پرسە سەرەکییەکان کە زۆر ئاڵۆز و سەختن.
هاوکات سەرۆکی ئۆکرانیا پرسە سنوورییەکان، گرەنتی ئەمنی و ئاوەدانکردنەوەی ئۆکرانیای وەک گرنگترین خاڵەکان لە پڕۆسەی چارەسەرکردنەکەدا دیاری کرد و ڕایگەیاند، پرسی سنوورەکان قورسترینیانە و گەرەنتیی ئەمنییەکانیش زۆر گرنگن. هەروەها دەشڵێت: دەبێت ئەورووپا بەشێک بێت لە گفتوگۆکان لەسەر ئاوەدانکردنەوەی ئۆکرانیا.
پێشتر زێلێنسکی ئاماژەی دابوو، لە کۆبوونەوەکەدا بە شێوەی ڤیدیۆ کییەر ستارمەر بەشداریی تێیدا کردووە و لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا و ڕۆستەر عومەڕۆڤ، سەرۆکی شاندی ئۆکرانیا لە ئەمەریکا بە تەلەفۆن قسەیان کردووە.
بڕیارە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی سەرۆک سەرۆکی ئەمەریکا لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا بەرەو ڕووسیا بەڕێ بکەوێت و لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا کۆببێتەوە و پرسی پلانی ئاشتی لە ئۆکرانیا تاوتوێ بکەن.
هەروەها دوێنێ هەر یەکە لە شاندەکانی ئۆکرانیا و ئەمەریکا لە فلۆریدا لەبارەی پرسی کۆتاییهێنان بە جەنگ و گۆڕانکاری لە هەندێک دەقی پلانەکەی سەرۆکی ئەمەریکا و یەکلایی کردنەوەی پرسی ئاڵوگۆڕی خاک کۆبوونەوە، مارکۆ ڕوبیۆ کە سەرۆکایەتیی شاندەکەی دەکرد لەو بارەوە گوتی: کۆبوونەوەکە زۆر بەرهەمداربوو، بەڵام ئاسان نەبوو؛ ئاماژەشی دابوو، ئامانجییان داڕشتنی ڕێڕەوێکە بۆ پاراستنی سەرەوەری ئۆکرانیا.
