ئەردۆغان: تورکیای بێ تیرۆر دەرگا بە ڕووی سەردەمێکی نوێ دەکاتەوە
سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند: هەموومان بە یەکەوە سەدەی 21 بۆ سەدەی نوێی تورکیا دەگۆڕین. دەشڵێت: هەزاران ساڵە دڵمان لەگەڵ خوشک و برایانی کورد و عەرەب لە ناوچەکە لێ دەدات، لە داهاتووشدا هەر وا دەبێت.
دووشەممە، 1ـی کانوونی یەکەمی 2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی کابینەی حکوومەتەکەی کە پرۆسەی ئاشتی تەورێکی کۆبوونەوەکەی بووە، لە گوتارێکدا گوتی: لە هەوڵداین لە ڕێگەی قۆناغی تورکیای بێ تیرۆر، یەکێک لە گەورەترین بەربەستەکانی بەردەم گەشەپێدانی ئابووری، ئاشتی و برایەتی لەناو ببەین.
هاوکات ئاماژەی بەوە دا، تورکیای بێ تیرۆر ئەو ڕێرەوە برایەتییەی کە لە ناوچەکە دادەمەزرێت، پلانە قێزەونەکان لادەدات، یارییە تێکدەرانەکان تێک دەدات و دەرگە بە ڕووی سەردەمێکی نوێ دەکاتەوە.
دەشڵێت: لە هەوڵداین لەمیانی پرۆسەکەدا بۆ ئەوەی دوور لە هاندان، کردەوەی ئیستفزای و هەڵچوون، ئەو دۆخە لە هێزەوە بگۆڕین بۆ کردەوە، لەو ڕێگایەی هەڵمانبژاردووە ناگەڕێینەوە.
سەرۆک کۆماری تورکیا لە بارەی کورد و عەرەبەوە، ڕایگەیاند: هەزاران ساڵە دڵمان لەگەڵ خوشک و برایانی کورد و عەرەب لە ناوچەکە لێ دەدات، لە داهاتووشدا هەر وا دەبێت، بێ گومان تورکیا هەر بە ئامانجەکانی خۆی دەگات.
جەختی لەوەش کردەوە، 86 ملیۆن هاووڵاتی شان بە شان لەگەڵ یەکدی هاوکار دەبن و سەدەی 21ـی تورکیا بۆ سەدەی نوێی ئەو وڵاتە دەگۆڕین.
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، ئەردۆغان باسی لە جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا کرد و گوتی: "جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا گەیشتووەتە ئاستێک کە بووبێتە هەڕەشەیەکی جیددی لەسەر ئاسایشی دەریاوانی لە دەریای ڕەش، بە ئامانجگرتنی کەشتییەکانی ئابووری لە ناوچەی ئێمە، دەرخەری پەرەسەندنی گرژییەکان و جێی نیگەرانی ئێمەیە".
