ئومێد خۆشناو: دۆخەکە لە هەموو شوێنێک ئارام بووەتەوە

پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، ئاژاوەکانی گوندی لاجان کۆنترۆڵکران و دۆخەکە ئاسایی بووەتەوە.

دووشەممە 1ـی کانوونی یەکەمی 2025، ئومێد خۆشناوە، پارێزگاری هەولێر بە کوردستان 24 ڕایگەیاند: ئاڵۆزییەکانی گوندی لاجان کۆتایی پێهاتووە و هاووڵاتییانیش گەڕاونەتەوە ماڵەکانیان، دووپاتیشی دەکاتەوە کە دۆخەکە ئاسایی بووەتەوە.

پارێزگاری هەولێر جەختیش دەکاتەوە، حکوومەت دژی ئەوانە دەوەستێتەوە چەک بەرانبەر هێزە ئەمنییەکان ڕادەگرن.

هەروەها کەمێک پێش ئێستا ناسر هەرکی، کەسایەتی عەشیرەتی هەرکی و پەرلەمانتاری پێشووی عێراق مێوانی باسی ڕۆژ بوو ئەو دەنگۆیانە ڕەت کردەوە، کە باس لە بردنی هێزێکی زۆر و چەکی قورس بۆ گوندی لاجان دەکەن و گوتی: تەنانەت یەک چەکداریشی لە ناو گوندەکە نییە، بەڵام پێشتر خۆمان داوامان کردبوو بۆ ئەمنییەتی ناوچەکە و هاووڵاتییان هەندێک هێزی ئاسایشی بڵاوی پێ بکرێت، چونکە بەشێک لە ئاژاوەگێڕەکان ئاڕ پی جییان پێبووە. باسی لەوەش کرد، ئەو هێزە ئاسایشەی لەوێش بووە، کەمێکی دیکە ناوچەکە چۆڵ دەکەن.

لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەکە پەرلەمانتاری پێشووی عێراق ڕایگەیاندبوو، بڕیاری دراوە ئەوانەی هۆکاربوون بۆ ئاژاوەگێڕی لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت، هاوکات ئەوانەی چەکیان لە ماڵەوە هەیە تۆمار دەکرێن، هەر کەسێک بە نایاسایی چەکی هەبێت لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت؛ دەشڵێت: دەستی ئەو کەسانە دەبڕدرێت کە لە ئاژاوەکە تێوەگلاون و بە هیچ شێوەیەک چاوپۆشییان لێ ناکرێت.

هاوکات ئەمڕۆ ئێوارە ڕیش سپی و پیاوماقووڵانی گوندی لاجان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا پەیامێکی یەکلاکەرەوەیان بڵاو کردەوە و تێیدا جەختیان لەسەر کۆتاییهێنان بە تەواوی گرژییەکان کردەوە، هاوکات هۆشدارییەکی توندیان دایە هەر کەس و لایەنێک کە هەوڵی دروستکردنی کەلێن لەنێو عەشیرەتی هەرکیدا بدات.

هەروەها هەر ئەمڕۆ پارێزگاری هەولێر بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە دەنگۆکان و دڵنیاییدان بە هاووڵاتییان گەیشتبووە گوندی لاجان و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی دا ڕایگەیاندبوو: دروستکردنی ئاژاوە لە گوندی لاجان، هەوڵێکی نەزۆکی نەیارانە بۆ لەبیربردنەوەی هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر و کەمکردنەوەی شانازیی سەرکەوتنەکانی پارتی، بەڵام عەشیرەتی هەرکی و هێزە ئەمنییەکان بە یەکەوە ئەو پیلانە لەبار دەبەن.

 
 
Fly Erbil Advertisment