سەندیکای ڕۆژنامەنووسان داوا لە دەزگا میدیاییەکان دەکات کۆتایی بەڕووماڵی ناپیشەیی بهێنن
لەبارەی ڕووماڵکردنی دۆخی گوندی لاجان و گۆڕینی ئاراستەی داواکاریی هاووڵاتییان بۆ هەڕەشەکردن لە ژێرخانی ئابووری، سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان هاتە دەنگ و لە بەیاننامەیەکی تونددا هۆشداری دایە ئەو دەزگا میدیایی و پەیجانەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە هەوڵ دەدەن دۆخەکە ئاڵۆز بکەن، ڕاشیگەیاند: لیژنەکانیان دەستیان بە تۆمارکردنی سەرپێچییەکان کردووە.
ئازاد حەمەدەمین، نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی گوندی لاجان لە سنووری پارێزگای هەولێر کە تایبەت بوو بە داواکاریی دامەزراندن، لەلایەن هەندێک لە میدیاکان و پەیجەکانەوە بە ئاراستەیەکی مەترسیداردا براوە.
بەپێی بەیاننامەکە، ئەو کەناڵانە بە بڵاوکردنەوەی وێنە و هەواڵی کۆن، هەوڵی ئاڵۆزکردنی دۆخەکەیان داوە، کار گەیشتووەتە ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەڕەشەی بەئامانجگرتنی وێستگەکانی کارەبا و پاڵاوگەکان بکرێت.
سەندیکای ڕۆژنامەنووسان وێڕای ئاماژەدان بەوەی هێزە ئەمنییەکان دۆخەکەیان کۆنترۆڵ کردووە، داوای لە دەزگا میدیاییەکان کردووە کۆتایی بەو ڕووماڵە ناپیشەییـە بهێنن کە ئامانجی سیاسیی لە پشتە و دەبێتە هۆی دروستبوونی ئاژاوە.
هەروەها جەختی کردووەتەوە لەوەی، وەک دامەزراوەیەکی بەرپرس لە پاراستنی یاسا و بەرژەوەندییە باڵاکان، لیژنەکانیان بە وردی چاودێریی دۆخەکە دەکەن و هەر لایەنێک پێچەوانەی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و بەرژەوەندیی گشتی جووڵە بکات، وەک سەرپێچیکار تۆمار دەکرێت.
